سەركردەیەكی گۆڕان: پەكەكە بە تەقاندنەوەی بۆڕیی نەوتی كوردستان هەڵەی كردووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سەركردەیەكی گۆڕان: پەكەكە بە تەقاندنەوەی بۆڕیی نەوتی كوردستان هەڵەی كردووە

”نابێت بە ئاسانی ڕووداوی هێرشكردنە سەر بۆڕییە نەوتییەكە تێپەڕێندرێت“

سەركردەیەكی بزووتنەوەی گۆڕان رای گەیاند، تەقاندنەوەی بۆڕیی نەوتی كوردستان لە لایەن پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)وە هەڵەیەكی گەورەیە و لێدانە لە قوتی خەڵكی كوردستان.

عەبدولقادر شاسوار، ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان رای گەیاند، تەقاندنەوەی بۆڕیی نەوتی كوردستان ”كارێكی خراپ بوو، ئەمە داهاتی هەرێمی كوردستان و خەڵكییە و دەبێت ئەم كارە ئیدانە بكرێت“.

جەختیشی كردەوە: ”په‌كه‌كه‌ كارێكی هه‌ڵه‌یان كرد، جێگەی نیگه‌رانییە و ئەگەر گرفتێك هەیە، دەبێت بە دایەلۆگ چارەسەر بكرێت“.

لە لایەن خۆشیەوە شێخ كامل سادق، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: ”ئه‌وه‌ی كراوه‌ بڕینی قوتی خه‌ڵكی كوردستانه‌ و ده‌بێت حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان به ‌زووترین كات بكه‌رانی ئه‌م كرده‌وەیە ئاشكرا بكه‌ن، هه‌ر لایه‌نێك ئه‌مه‌ی كردووه‌، ده‌بێت به‌رپرسیاریه‌تی هه‌ڵبگرێت".

ڕوونیشی كردەوە، ده‌بێت دامه‌زراوه‌ حكوومییەكان پارێزراو بێت و به ‌ئاسانی ئەم رووداوه‌ تێنەپەڕێت، ”ئه‌وه‌ی كردوویه‌تی، هەڕەشەی راسته‌وخۆی كردووە له‌سه‌ر ئاسایشی كوردستان و ئابووریی كوردستان، ماوه‌یه‌كه‌ ئه‌م په‌لاماردانه‌ی دامه‌زراوه‌كان هەیە و دواجار شتی دیكه‌شی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، هیوادارین هه‌ر لایه‌نێك كردوویه‌تی، به‌زووترین كات ئیجرائاتی له‌گه‌ڵدا بكرێت".