وەزیری پەروەردە: سبەی بڕیار لە پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی كوردستان دەدرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

وەزیری پەروەردە: سبەی بڕیار لە پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی كوردستان دەدرێت

وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئاشکرای کرد، سبەینێ یەکشەممە لەگەڵ لیژنەی باڵای هەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی و لیژنەی باڵای بەرەنگاربووەنوەی کۆرۆنا بڕیار لەسەر پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەدەین.

د. ئالان حەمە سەعید، ئەمڕۆ شەممە ٣١ی١٠ی٢٠٢٠ لە پرێس کۆنفرانسێکدا بۆ میدیاکان ڕای گەیاند: "سبەینێ کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای کۆرۆنا هەیە بۆ دیراسەکردنی دۆخی خوێندن و لەوێ بڕیاری لەبارەوە دەدرێت".

سەبارەت بە ئامار و داتاکانی ژمارەی تووشبوونی مامۆستا و قوتابیان بە پەتای کۆرۆنا گوتی: "ئێمە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی کۆمان کردووەتەوە، بڕیارە وەزارەتی تەندروستی لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر بنەمای ئەو داتایانە دوا ڕا و بۆچوونی خۆیان لەبارەی کۆرۆنا پیشکەش بکەن"، چونکە بابەتەکە تەندروستییە، بۆیە بڕیاری یەکلاکەرەوە لەلای وەزارەتی تەندروستییە.

وەزیری پەروەردە گوتیشی: "لە هەرێمی کوردستان تەنها لە ناوەندەکانی خوێندن تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا نییە، بەڵکوو لە دەرەوەی ناوەندەکانی خوێندنیش تووشبوونی هاووڵاتیان هەیە، چونکە ئێمە هەموو پۆلەکانمان نەبردووەتەوە بۆ قوتابخانەکان تاکوو ژمارەیەکی زۆر تووشی کۆرۆنا بن، بەڵکوو تەنیا قۆناغی یەکەم و دووەمی بنەڕەتی و دوازدەی ئامادەی زیاتر لە مانگێکە دەوام دەکەن، بۆیە ئێمە سەلامەتیی ژیانی خوێندکارانمان بەلاوە گرنگ و مەبەستە".

ئالان حەمە سەعید ئاماژەی بەوەش کرد: "ئێمە سەرەتاش گوتوومانە ئێمە هەموو کات دوو هەتا سێ حەفتە دادەنێین بۆ تاقیکاری و هەڵسەنگاندنی دۆخەکە، بۆیە هەرکاتێ زانیمان پەتاکە مەترسی دروست دەکات، بێگومان بڕیاری پێویست دەدەین".