ژیاننامەی سیاسەتمەداری نەتەوەییخواز نەجمەدین كەریم
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ژیاننامەی سیاسەتمەداری نەتەوەییخواز نەجمەدین كەریم

نەجمەدین كەریم، پارێزگاری شەرعیی كەركووك، بە هۆی جەڵتەی مێشكەوە لە ئەمریكا كۆچی دوایی كرد و لەسەر ڕاسپاردەی خۆی، تەرمەكەی دەگەڕێتەوە و بە شێوەیەكی كاتی ئەسپەردەی خاك دەكرێ، تا ئەوكاتەی كەركووك بە تەواوی ئازاد دەكرێ و لەو شارە بە شێوەی هەمیشەیی بە خاك دەسپێردرێ.

نەجمەدین كەریم، لە ساڵی 1949 لە گەڕەكی ڕەشیداوای كەركووك لە دایك بووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی و دواناوەندی لە کەرکووک تەواو کردووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە پزیشکی گشتیدا لە زانکۆی موسڵ لە ساڵی 1971ـدا بە دەست ھێناوە و دواتر لە ساڵی 1972ـدا دەبێت بە پێشمەرگە لە ریزەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول.

لە سەروەختی نەخۆشكەوتنی بارزانیی نەمر، نەجمەدین کەریم کە ئەوکات پزیشکی بارزانی بوو، لەگەڵیدا دەچێتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دواتر ھەرلەوێ بڕوانامەی دکتۆرا لە بواری نەشتەرگەری سیستەمی دەماری لە زانکۆی جۆرج واشنتۆن بەدەست دەھێنێت و ھەر لەوێ دەمێنێتەوە. ئەندامی دەستەی کارگێڕی زانکۆی فلۆریدایە کە چوارەم بەناوبانگترین زانکۆیە لە ئەمریکا. لە ڕۆژنامە بەناوبانگەکانی ئەمریکا لەوانە نیویۆرک تایمزو واشنتۆن پۆست و لۆس ئەنجلس تایمزو چەند ڕۆژنامە و گۆڤارێکی تر بۆچوونی خۆی لەسەر کۆمەڵێک بابەتی جیاوازی تایبەت بە عێراق دەربڕیوە. ساڵی 2009 بەیەکجاری دەگەڕێتەوە عێراق. لە کۆنگرەی سێیەمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2009ـدا بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی ھەڵبژێردرا.

لە دوا ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا لە 7/3/2010ـدا سەرۆکایەتی لیستی کوردستانی دەکرد لە پارێزگای کەرکووک و دەنگی تەواوی بۆ گەیشتن بە پەرلەمانی عێراق بەدەست ھێنا، بەڵام بە هۆی ئەوەی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك كاندید كرا، وەك پەرلەمانتار دەستبەكار نەبوو. لە سەرەتای نیسانی 2011 وەك پارێزگاری كەركووك دەستبەكار بوو.

نەجمەدین كەریم، وەكوو پارێزگاری كەركووك ڕۆڵێكی گەورەی لەوەدا هەبوو كە بۆ یەكەمجار بە فەرمی ئاڵای كوردستان لە كەركووك هەڵبكرێ و لە سەروەختی ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆمیش بە هەڵوێستە نەتەوەییەكانی رۆڵی كاریگەری خۆی بەرجەستە كرد و ملی بۆ داخوازی و خواستەكانی نەیارانی كورد كەچ نەكرد و سوور بوو لەسەر پشتگیریكردنی لە پرۆسەی ریفراندۆم، كە لە 25/9/2017ـدا بە سەركەوتوویی لە هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان ئەنجام درا.

ئەمڕۆ 31/10/2020 نووسینگەی نەجمەدین کەریم لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی ئاشكرا كرد، لە کاتژمێر 11ـی شەو بە کاتی ئەمریکا، بە كاریگەری جەڵتەی مێشك، كە چەند رۆژێك پێش ئێستە تووشی بووبوو، کۆچی دوایی کردووە. لەسەر داوای خۆی، تەرمەکەی لە ئەمریکا دەگەڕێندرێتەوە هەرێمی کوردستان و بە شێوەی كاتی ئەسپەردەی خاك دەكرێ، تا ئەوكاتەی كەركووك بە تەواوی ئازاد دەكرێ و لەوێ دەنێژرێ.