هەنار.. میوەی پیرۆزی ئایینە دێرینەكانی کوردستان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

هەنار.. میوەی پیرۆزی ئایینە دێرینەكانی کوردستان


- لە کوردستانەوە بۆ ئەورووپا
هەزاران ساڵ بەر لەئێستا، دارودرەخت و ژینگە بۆ مرۆڤی کورد ئەوەندە پیرۆز بووە، کە لەناو ئایین و کولتوور و ئەفسانەکاندا رەنگیان داوەتەوە و لەسەر شوێنەوارە مێژووییەکان نەخشیان هەڵکەنراوە. هەنار، میوەی بەهەشتیی زەردەشتیی و یارسانەکانە.

دەنکی هەنار هێمای زاوزێی ئاناهیتایە. گوڵەهەنار هێمای ئاگردانە. زەردەشتییەکان لە کاتی رێوڕەسمە ئایینییەکانیان چڵە هەنارێک بە دەستەوە دەگرن و لەناو ئاتەشگا و مەزارگەکانیشیان داری هەنار دەچێنن.

خوانی جەژنەکانیان بە هەنار دەڕازێننەوە و لە کاتی مارەبڕین و هاوسەرگیریدا هەنارێک دەبەخشنە تازەبووک و تازەزاوا، چونکە هەنار لای ئەوان هێمای لەدایکبوونی منداڵە و تازەبووک هەنارێک لە زەوی دەدا، تا بە ئەندازەی ئەو دەنکە هەنارانەی دەڕژێنە سەر زەوی، منداڵی ببێ.
هەنار میوەی رەسەنی بناری زنجیرەچیای زاگرۆس، وەک میوەیەکی پیرۆزی کوردستانی کەونارا، لە سەردەمی ساسانییەکان گەیشتە ئەورووپا.

یەکەمین جار لە ئیسپانیا چاندیان و لەوێش بوو بە هێمای زاوزێ و پاکداوێنی. لە سەدەی 13دا گەیشتە بەریتانیا و ناوی pomegranate واتا سێوی دەنک فراونی لێ نرا. دواتر ئیسپانییەکان ئەم میوە بەتامەیان بردە کیشوەری ئەمەریکا و لە مەکسیک و فلۆریدا چاندیان.

هەنار لەناو ئەدەب و کولتووری کوردیدا
ئەدەبی زارەکی و کولتووری کوردستان، پیرۆزیی بە هەنار بەخشیوە و پڕە لە چیرۆک و نەریتی جۆراوجۆر لەبارەی هەنار؛ کاتێک فەرهاد لەسەر تاقوسان هەواڵی مەرگی شیرین دەبیسێ، تێشووی دەستی فڕێ دەداتە ئاسمان. دەستەی تیشووەکە، کە لە دارهەنار دەبێ، لە بێستوونەوە دەکەوێتە خوار و دارهەنارێکی لێ شین دەبێ و هەنار دەبێتە هێمای خۆشەویستی و عەشقی هەتاهەتایی.

لە کولتووری کۆنی کوردەواریدا، هەر کات کۆرپەیەک هاتە دنیا، بۆ ئەوەی هاڵ (دێوی کۆرپەکوژ) نەیبا، بۆ ماوەی چل رۆژ لەبەردەم ئەو ماڵە تەلیسمێکیان لە دارهەنار هەڵدەواسی.

لە شەوی چلە یان یەڵدادا، کە درێژترین شەوی ساڵە و بە لەدایکبوونی خۆر ناوی دەرکردووە، کوردەکانی رۆژهەڵات خوانەکانیان بە هەنار دەڕازێنێتەوە و پێیان وایە؛ رەنگی سووری هەنار هێمایە بۆ خۆر و گەرما و نیشانەی بەڕێوەبوونی بەهار و ژیانێکی نوێیە.

لە ئایینی یارسان، کە پاشماوەی ئایینی زەردەشتییە هاتووە؛ دادە سارای یەکێک لە خزمەتکارەکانی بەردەرگای سوڵتانی ساق، لەدوای خواردنی دەنکە هەنارێک، ئەگەرچی کچێکی عازەب بوو، بەڵام باوەیادگاری لە دەمەوە لێ بووەوە. لەدایکبوونی سوڵتانی ساقیش دوای ئەوە دێ، کە تیشکی گوڵەهەنارێک لە زاری دایراک خاتوون دەدا.

یارسانەکان لە جەژنی خاوەنکار گۆشتی کەڵەشێر و هەنار دەکەنە نەزر و پێیان وایە؛ لەناو هەر هەنارێکدا دەنکێکی بەهەشتییە و کاتی خواردنی هەنار نابێ چەقۆی لێ بدرێ، چونکە ئەگەری هەیە ئەو دەنکە هەنارە بەر چەقۆکە بکەوێ.

خەڵکی لوڕستان و ئیلامیش تائێستاش پێیان وایە؛ خواردنی هەنار لە شەوانی هەینیدا پاداشتی گەورەی هەیە و هەنار دەکەنە خێری مردووەکانیان لەو شەوەدا. لە نەورۆزیشدا چەند هەنارێک دەخەنە ناو حەوزی ئاو، یان هەنارێک دەخەنە ناو جامێک ئاو و بە هێمای بەرەکەت و رووناکی لەبەردەم ماڵەکەیان دایدەنێن.

چیرۆکی (دەنکە هەنارە)
ئەو چیرۆکە کۆنانەی لە باوانمانەوە پێمان گەیشتوون، بەشێکن لە ئەفسانەی کوردستان، کە تێکەڵی هەست و نەست و باوەڕی گەلی کورد بوون. ئەم چیرۆکانە بەشێکی دەوڵەمەندن لە ئەدەبی زارەکی و کولتووری کوردستان.

(دەنکە هەنارە) یەکێکە لەو چیرۆکانەی کە زار بە زار لە باوانمانەوە پێمان گەیشتووە و پڕە لە راز و نهێنی و عەشقی مرۆڤی کورد بۆ دار هەنار و ژینگەدۆستی و دوونادوونبوونی مرۆڤ لەگەڵ رووەک و درەخت.

ئەم باوەڕە لەناو ئاڤێستاشدا هاتووە؛ یەکەمین ژن و پیاو، واتا مەشی و مەشیانە، لەناو پەلکی رێواسێکەوە هاتوونەتە دنیا. جیا لە کورد، خەڵکی دیکە هەن کە پێیان وابێ؛ یەکەمین مرۆڤ لە رووەکەوە هاتووەتە دنیا، بۆ نموونە خەڵکی مالیزیا پێیان وایە؛ یەکەمین مرۆڤ لەناو درەختی بامبۆوە هاتووەتە دنیا.

دەنکە هەنارە، ئەو چیرۆکەیە، کە تێیدا هەنار هێمای زاوزێ و رەمزی خۆشەویستییە:
کچێکی تەلیسمکراو لەناو هەنارێکدا دەژی. شازادەیەک کاتی ڕنینەوەی هەنار، دەیەوێ یەکێک لە هەنارەکان بشکێنێ، کە دەنگی کیژۆڵەیەک دەبیستێ. کیژۆڵە لەناو هەنارەکە دێتە دەر و هێدی هێدی گەورە دەبێ. لەگەڵ گەورەبوونی کیژۆڵە، شازادە عاشقی دەبێ.

دەنکە هەنارە گەورە دەبێ، بەڵام رووتە و شازادە دەچێ پۆشاکی بۆ بێنێ تا بتوانێ لەگەڵ خۆی بیباتەوە. شازادە ماڵئاوایی لێ دەکات و بەرەو کۆشک دەکەوێتە رێ. کچە لەپاڵ دار هەنارەکە چاوەڕوانی گەڕانەوەی شازادە دەکات، کە لە لایەن دێوێکی رەش دووبارە تەلیسم دەکرێ.

دێوەڕەش ملوانکەیەکی دەنکە هەنارە لە مل دەکا و چاوەڕوانی شازادە دەکات. شازادە دوای گەڕانەوەی بۆ لای دارە هەنارەکە، لە تەشک و قۆرەی دێوەڕەش دەحەپەسێ، بەڵام دێوەڕەش دەڵێت: ئەوە چاوەڕوانی زۆر وای لێ کردووم و ئەگەر لەناو کۆشک خۆم بشۆم، جوانییەکەی جارانم بۆ دەگەڕێتەوە.

شازادە دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشک، لە دێوەڕەش بە گومان دەبێ و بۆ گەیشتن بە عەشقی راستەقینە و دۆزینەوەی دەنکە هەنارە، چڵە هەنارێک لەناو حەوشی کۆشک دەچێنێ و دواجار دەنکە هەنارە دەبێتە کۆترێک و خۆی دەگەیەنێتە لای شازادە.

هێمای زاوزێ و خۆشەویستییە
خەڵکی کوردستانی کەونارا و گەلانی دیکەی جیهان، هەموو ئەو درەختانەیان بە پیرۆز دەزانی، کە بە خوێنی یەزدان یان پاڵەوانێک سوور بووە و دارەکە بەو خوێنە گەشەی کردووە، بۆیە هەنار بووە بە هێمای زاوزێ و خۆشەویستی و عەشق. بەگوێرەی ئەفسانە یۆنانییەکان؛ ئافرۆدیتی خواوەندی عەشق، دارەهەناری ب ەدەستی خۆی لەناو دوورگەی قیبرس چاندووە و بە رژانی خوێنی دیونوسوس، هەنارەکە گەشەی کردووە.

لای یۆنانییەکان هەنار هێمای خواوەندەکانی دمتر، پرسفوونە و هرایە و هەستی خۆشەویستی دەبزوێنێ و ژنان دووگیان دەکات. میسرییەکانیش، لەناو تەرمی فیرعەونەکان هەناریان دادەنا، چونکە هەنار لای ئەوان بە مانای دووبارە زیندووبوونەوە و جاویدانی بوو. لای زۆرترین گەلانی دنیا، هەنار هێمای زاوزێیە، چونکە رەواڵەتی هەنار لە مەمکی ئافرەت دەچێ.

هەنار لەناو دەقە کۆنەکاندا
لە دەقە کۆنەکانی زەردەشتیدا وەک وندیداد ناوی هەنار هاتووە. هەروەها لە بەشی 27ی کتێبی بوندهشنی پاڵەویش ناوی هاتووە، کە کتێبێکی پیرۆزە بۆ زەردەشتییەکان. لە بەشی دووەمی کتێبی (شایست، ناشایست)ی پاڵەویش ناوی هەنار وەک میوەیەکی پیرۆز هاتووە.

زەردەشتییەکان کاتی بردنی مردوەکانیان بۆ گۆڕستان، هەنارێک دەکوتن بە زەویدا و لەناو جەژنی (سەدە)، کە هاوکاتە لەگەڵ جەژنی پیر شالیار لە هەورامان، چڵی دار هەنار بەدەستەوە دەگرن.

لە کتێبی تەوراتدا زۆر باسی هەنار کراوە، کە گوایە دەنکەکانی ناو هەنار 613 دەنکن، بە نیشانەی هەر کام لە فەرمانەکانی ناو کتێبی پیرۆز. لەناو ئایینی بوودا، هەنار و ترێ وەک میوەی پڕپیت ناویان هاتووە.

لە ئایینی مەسیحدا، هەنار هێمای جاویدانی و هەستانەوەیە و دەڵێ: عیسا لە منداڵیدا هەنارێکی بە دەستەوە بووە. لای مەسیحییەکان هەنار نیشانەی پاکداوێنییە و ئاوی هەنار هێمای رۆحێکی میهرەبان و وشیارە.

لە ئینجیلدا هاتووە: سلێمان پادشا، باخە هەنارێکی هەبووە. هەروەها کاتێک بەنی ئیسرایل لەناو بیابانەکانی میسر سەرگەردان بوون، ئارەزووی خواردنی هەناریان دەکرد.

بە هاتنی ئیسلام، سێ جار ناوی هەنار لە قورئاندا هاتووە، لەناو سوورەتی ئەنعام- ئایەتی99 و 141 و سوورەتی رەحمان- ئایەتی 67 و هەنار بۆ موسڵمانەکانیش بووە بە میوەیەکی پیرۆز.

بۆ عارفەکان هێمای (وەحدەت) و (کسرەت)ە، چونکە لەناو هەنارێکدا ئەگەرچی ژمارەیەکی زۆر دەنکە هەنار هەیە، بەڵام هەموویان لەناو پێستێکدا یەکیان گرتووە.