کۆنترین بەڵگەی سنووری سیاسیی جیهان لەسەر چیای بەمۆ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

کۆنترین بەڵگەی سنووری سیاسیی جیهان لەسەر چیای بەمۆ

یەکێکە لە 10 دۆزینەوە گەورەکانی جیهان لە ساڵی 2019دا

 

بۆ یەکەمین جار ماڵپەڕێکی ئەمەریکی بەناوی ( لایۆساینس) لە ساڵی 2019 بڵاوی کردەوە، یەکێک لە 10 دۆزینەوە گەورە و سەمەرەکانی جیهان بۆ شوێنەوار لە ساڵی 2019، دۆزینەوەی دیوارێکی بەردینە بەدرێژایی 115 کیلۆمەتر لەسەر کێوی بەمۆ، لەسەر سنووری باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان.

شوێنەوارناسەکان هێشتا نازانن ئەو دیوارە بەم درێژییە، چۆن و بە چ مەبەستێک دروست کراوە، دیوارەکە چوارمەتر پانە و سێ مەتریش بەرزە.

بەشی زۆری چیای بەمۆ دەکەوێتە قەزای سەلاسی باوەجانی، کە هاوسنوورە لەگەڵ باشووری کوردستان. خەڵکی ناوچەی باوەجانی بەم دیوارە دەڵێن دیواری گاورەکان، یان دیواری گاوری.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئیدارەی میرات و کولتووری پارێزگای کرماشان، هەر لەنزیک ئەم دیوارە لە سەلاسی باوەجانی، دوو پەیکەرەبەردی چوارهەزار ساڵە دۆزراونەتەوە، کە یەکێکن لە کۆنترین بەڵگەکان بۆ سنووری سیاسی لە جیهانی بەر لە زایین، کە مێژووەکەی بۆ هەزارەی دووەمی بەر لە زایین دەگەڕێتەوە.

لە یەکێک لە بەردەنووسەکان، پادشایەک پێی خۆی خستووەتە سەر سینگی دیلێک و لەبەرامبەریەوە کەسێکی دیکە وەستاوە. لەسەر بەردەنووسی دووەمیشدا، پادشایەک بە پۆشاکێکی درێژ هەڵکەنراوە، کە پشتوێنێکی لەپشتە و دوو رمیشی بەدەستەوە گرتووە.

پێشتر بەدرێژایی سنووری نێوان سەلاسی باوەجانی تا سلێمانی، بەردەنووسی دیکەی لەمرجۆرە دۆزراوەتەوە، کە پێدەچێت هی ئەم پادشایە بێت. ئەم پادشایە ناوی ئایدین سین بووە، کە پادشای سیمووروم، یان ئانزابازونایە و لە کۆتایی هەزارەی دووەمی بەر لە زایین لە ناوچەی دیالە حکوومەتی هەبووە. ئەم پادشایە چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر دانیشتوانی ئەو ناوچەیە و نەخشی خۆی لە یەکێک لە سەرکەوتنەکانی ئەو شەڕانەدا بۆ یادەوەری هەڵکەندووە.

ئەو دیوارەی ساڵی 2019 ئەمەریکییەکان لە رێی وێنەی ئاسمانییەوە لەسەر سنووری باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان دۆزییانەوە، لە باکووری بەمۆ لە قەزای باوەجانییەوە دەست پێدەکات و تا گوندی ژاوەمەرگی باژێری گیلانی رۆژاوا درێژ دەبێتەوە، بەڵام بەشێکیشی دەکەوێتە ئەو لای کێوی بەمۆ لە باشووری کوردستان، کە پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان تیمێکی پسپۆڕی بۆ دیار بکات، تا توێژینەوەی لەسەر بکەن.

بە درێژایی ئەم دیوارە، چەندین قەڵا و بینا دروست کراون، کە پێدەچێت مەبەستی سەربازیی لەپشتەوە بێ و مێژووی بۆ سەردەمی ئەشکانی و ساسانییەکان دەگەڕێتەوە.

ئەم دیوارە لە بەڵگە مێژووییەکانی سەردەمی عوسمانییەکان لە سەردەمی سەفەوییەکان، بە دیواری کۆن ناوی هاتووە. هەروەها لە ساڵی 1850 سەربازێکی رووسی بەناوی سەرهەنگ چریکۆف، کە سنووری نێوان ئێران و عوسمانییەکانی دیار کردووە، بەم جۆرە باسی کردووە: "لەسەر رێگای سەرپێڵی زەهاو بۆ بەغدا، پاشماوەی دیوارێکی درێژ ماوە، کە لە چەپەری سەربازی دەچێت".

دروستکردنی دیوارێک بەم درێژییە، کە بۆ دروستکردنی، یەک ملیۆن مەتری چوارگۆشە بەردی بۆ تەرخان کراوە، لە توانای خەڵکی گوندێک یان شارێک بەدەر بووە، بۆیە دوور نییە پلانێکی تۆکمەی حکوومەتێکی گەورەی لەپشتەوە بووبێ، بۆیە پێویستە شوێنەوارناسەکانی باشوور و رۆژهەڵات، وەک تیمێکی هاوبەش بۆ دۆزینەوەی نهێنییەکانی ئەم دیوارە، هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ.