لە دەربەندیخان گروپێکی شاخەوانیی تایبەت بە ئافرەتان رادەگەیەندرێ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

لە دەربەندیخان گروپێکی شاخەوانیی تایبەت بە ئافرەتان رادەگەیەندرێ

گروپی شاخەوانی بەرانان گروپێکی شاخەوانیی تایبەت بە خانمانی دەربەندیخانە و ماوەی چەند مانگێکە لە لایەن کۆمەڵێک خانمەوە دامەزراوە و چەند گەشتێکی شاخەوانییان بۆ ناوچە شاخاوییەکانی شارەکە ئەنجامداوە.

شەیما عەزیز، سەرۆکی گروپی شاخەوانی خانمانی بەرانان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "گروپی خانمانی بەرانان بۆ شاخەوانی بیرۆکەی خۆم بوو، بە هاوکاری هاوسەرەکەم کە وای لێکردم گروپێک بۆ خزمەتی خانمانی شارەکەم دابمەزرێنم، لە ڕێگەی گروپی کیژانی دەربەندیخانەوە بیرۆکەکەمان ڕاگەیاند و خانمێکی زۆر هاتنە ناو گروپەکەوە و لە سەرەتادا چوار گەشتی شاخەوانیم ڕێکخست بۆ ئەوەی توانای جەستەیی ئەو خانمانە شارەزابم ئاخۆ تا چ ڕادەیەک بەهێزن و بەرگەی ئەم وەرزشە دەگرن، ئەوانیش سەلماندیان کە ئەو ڕێگایانەی پیاو پێیاندا دەڕوات هەرچەندێکیش سەخت بێت ژنانیش دەتوانن لەو ڕێگەیەوە بڕۆن".


گوتیشی: "گروپەکەمان بەهۆی ئەوەی کارێکی نوێیە ئەندامەکانمان کردووە بە دوو گروپ و بە شێوەی جیا جیا ئەم وەرزشە ئەنجام دەدەین تا ئێستاش چەندین گەشتمان کردووە".


ئاماژەی بە ئەوەش کرد "گروپەکەمان بەشێوەیەکی وا ڕێکخستووە کە لەگەڵ کاتی خانمان بگونجێت، چونکە هەریەکێکمان کۆمەڵێک بەرپرسیارێتی خێزانیمان لەسەر شانە، هەروەها ئێمە لە ڕووی توانای جەستەییەوە ئەوە بەکارێکی سەخت نابینین تەنیا هەندێکجار کۆمەڵگە سەختیمان بۆ دروست دەکات و تا ئێستاش هیچ کەسێک و لایەنێک هاوکارمان نەبووە و داوای هاوکاریشمان نەکردووە".


ڕاشیگەیاند: "تا ئێستا لە گەشتەکانماندا هیچ ڕووداوێک ڕووینەداوە و هەر خانمێک ئارەزوو بکات دەتوانێت بەشدار بێت لەگەڵ گروپەکەمان، بەڵام تا ئێستا گەشتەکانمان تەنیا بۆ خانمانی دەربەندیخان بووە و خانمی تریش لە شارەکانی دیکە داوایان لێکردووم گەشتیان بۆ ڕێک بخەم لە داهاتوودا هەوڵ دەدەین بتوانین لەگەڵ خانمانی شارەکانی تریش گەشتی شاخەوانی ئەنجام بدەین".