ئاراس.. ڤیدیۆ كلیپێكی سنووربەزێن!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
بەرهەم عەلی 29/10/2020

ئاراس.. ڤیدیۆ كلیپێكی سنووربەزێن!

هونەرمەندی سترانبێژ (ئاراس فاتیح رەسول)، لەنێو كوردستاندا بە ڤیدیۆ كلیپی (خەپە گیان) ناوی دەركرد گەرچی پێش خەپەگیانیش چەند ڤیدیۆ كلیپێكی نایابی هەبوو، دوا كاری هونەرییشی كە چەند ساڵیك لەمەوبەر بەرهەمی هێنابوو، ڤیدیۆ كلیپی (كوردستانی من) بوو كە بە ڕای زۆر كەسی شارەزا لەو بوارەدا، بە یەكێك لە نایابترین گۆرانیی سیاسی و ڤیدیۆ كلیپی كوردی دێتە هەژمار.

ئاراس، جیا لەوەی كوڕی ماڵباتێكی خەباتگێڕی دێرینی كوردستانە و بەهۆی پێشمەرگایەتیی باوكی و هەڵوێستی سیاسیی ماڵباتەكەیەوە، بەشێك لە تەمەنی منداڵی و هەرزەكاری و گەنجییشی دوور لە باوەش و ئامێزی گەرمی باوك و گەلێ جار دایك و خێزانیش بەسەر بردووە، هونەرمەندێكە تا بڵێی مرۆڤدۆست و ژیاندۆست و نیشتمانپەروەر و دڵ و رۆح خاوێنە، هەموو ئەم خەسڵەتە مرۆییانەی كەسایەتیی ئاراس كە باسم كردن، لە ڤیدیۆ كلیپەكانیدا هەستیان پێدەكرێت، بەڵام من لەنزیكەوە هاوڕێیەتیی ئاراسم كردووە، ئاكار و سیفاتی زۆر جوانترم تیایدا دیوە.

ماجەرای ژیانی ئاراس وا بوو، ساڵانێكی زۆر هەر بە زمانی كوردییش قسەی نەكردووە، چونكە كوردی لەدەور نەبووە، بەڵام ئاراس یەكێكە لەو كوردانەی كە زۆر شەیدایانە و دەروێشانە كوردستانی خۆش دەوێ، ئەو كوردستان لە چوارچێوە و لە دیدی هیچ حزبێكەوە نابینێت، كوردستان تەنانەت لە كارەكانی حكوومەتیشەوە سەیر ناكات، ئەو كوردستانی مەزن وەك یەك جەستە و یەك رۆح و یەك خاك دەبینێ، پێناسەی ئاراس بۆ كوردستان تەنیا دوو وشەیە ئەویش: (نیشتمانی دایك)ە. ئاراس هەمیشە دژە جەنگ و توندوتیژییە، باوەڕی بەوە هەیە كە یەكێك لە گرنگترین رێگەكان بۆ ناساندنی كورد و كوردستان و گەیشتن بە لوتكە، هێزی نەرمە، واتە كولتوور و هونەر و زانست و وەرزش.

ئاراس لە خراپترین دۆخی ئابووری و كۆمەڵایەتی و دروونیی خۆیدا، هەمیشە چاوی لە ئاسۆیە، كە لەگەڵی دەدوێی گەشبینیت تێدا چەكەرە دەكات، هەست بە ئینێرجی دەكەیت. ئاراس پەرەوەردەی چەند كولتوورێكی زۆر دوور لە كولتووری كوردەوارییە، ساڵانێك لە رووسیا و ساڵانێك لە سوێد و ساڵانێك لە لەندەن ژیاوە، كەچی لەم كولتوورانە شتە هەرە جوانەكانی وەرگرتووە و بە هەمان شێوە لە كولتووری كوردەوارییش، تەنیا كار لەسەر لایەنە جوانەكان دەكات و لەنێو كەسایەتی و رەفتاری خۆیدا، بەرجەستەیان دەكات، ئاخر ئاراس كوردێكە هەمیشە لە سەردەمی تازەدا دەژی و بیر دەكاتەوە، ئینسانێكە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی هەمووی وەك یەك خێزان دەبینێت، هەر بۆیە كەم وڵات و نەتەوەی دونیا هەیە، ئاراس هاوڕێی زۆر نزیك و خۆشەویستی نەبێ لەناویاندا.

من ئیدی واز لەوە دەهێنم كە ئاراس یەكێكە لە هاوڕێ نزیك و ئازیزەكانم، لێرە بەدواوە، بەبێ ئەوەی رێگە بدەم، خۆشەویستی و رێزم بۆ ئاراس كار لە وشە و دەستەواژەكانم بكات، باس لە تازەترین گۆرانی و ڤیدیۆ كلیپی ئاراس دەكەم كە ناوی (دەڕژێ)یە و لەم رۆژانەدا لە كەناڵەكان و لە سۆشیال میدیادا، بڵاو بووەوە و دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبوو.

من بە دیدێكی سادە و بێ بیركردنەوە سەیری هیچ كارێكی هونەری ناكەم، زۆر بە دەگمەن لەسەر كاری هونەری دەنووسم، چونكە لە چوارچێوەی پسپۆڕیی مندا نییە، بۆیە ئەگەر كارێكی هونەری زۆر كاریەگەرییم لێ نەكات، لەبارەیەوە نانووسم.

ڤیدیۆ كلیپی (دەڕژێ)ی ئاراس فاتیح، كە بە ڕاگوزەری سەیری دەكەیت، گۆرانییەكی خۆشە و كارێكی هونەریی دڵنشینە، تێكستەكەی كوردەوارییانە و خۆشە، مۆزیكی (بە ئامێر و بە میلۆدییەوە) وەك زۆربەی كارەكانی تری ئاراس، تێكەڵەیەكە لە موزیكی رۆژئاوایی و رۆژهەڵاتی، هەڵپەڕكێ و سەماكانیش بە هەمان شێوە، هەم كوردی و هەم رۆژئاوایی، كەشوهەوا و لۆكەیشنێكی كەسكی دڵگیر و ژینگەخاوێنی پڕ لە مرۆڤی جوان، هەر لە منداڵەوە تا كەسانی بەتەمەن، چیرۆك و سیناریۆكەی زۆر تایبەتە و بەستراوەتەوە بە تازەترین دەردێك كە مرۆڤایەتیی بە خۆیەوە گیرۆدە كردووە، ئەویش (كۆرۆنا)یە.

رەنگە زۆربەتان نەزانن كە ئاراس كاری دەرهێنان و نووسینی سیناریۆی بۆ دەیان ڤیدیۆ كلیپی هونەرمەندانی كورد و غەیرە كوردیش كردووە، بۆیە گرنگە زیاتر لە جارێك سەیری ڤیدیۆ كلیپەكانی ئاراس بكەینەوە، چونكە هیچیان بێ پەیام نین، هیچ جووڵە و دیمەنێك لە كلیپەكانی ئاراسدا لەخۆڕا پیشان نادرێن.

جلوبەرگ... ئاراس لەسەرەوە هەرچی جلێك بپۆشێت، كڵاشی هەورامیی لەپێدایە، وەك كۆنترین پێڵاو كە لە وەرزی خۆشی مێژووی كوردستانیاندا لەپێ كراوە، لە گۆرانیی (دەڕژێ)دا، سەرنج لە جلەكانی ئاراس بدەن، كڵاو هی ناوچەیەكی كوردستانە، كراسەكەی هی ناوچەیەكی كریستیانشینی كوردستانە، دەسماڵەکەی هی دەڤەرێکی ترە، كوڵەباڵەكەی هی هەورامانە، شەرواڵەكەی هی ناوچەیەكی بادینانە، پشتوێنەكەی قوماشەكەی هی ناوچەیەكە و شێوازی بەستنەكەی هیچ ناوچەیەكی ترە، پووزەوانەكەی هی ناوچەیەكی جیاوازتر لە هەموو پارچەكانی تریەتی، پەیامی ئاراس لەوەدا ئەوەیە كە كوردستانیان بە جیاوازییەكانیانەوە جوانترن، بەڵام دەبێ هەموویان، لە یەك جەستەی نەتەوەییدا خۆیان كۆ بكەنەوە و یەكگرتوو بن.

لە سیناریۆی (دەڕژێ)دا پەیامگەلی سیاسی هەن كە گرنگە لێی حاڵی بین: سەرەتا سێ کورد بەوپەڕی ماندوویی بە گردێکی سەختدا سەردەکەون (رێی خەباتمان چەندە سەخت و دوورە)، دوو پۆلیسی ئەورووپی بە زمانی ئینگلیزی، داوا لە ئاراس و دوو برادەرە موزیكژەنەكەی دەكەن، كە چوونە شوێنی فێستیڤاڵەكە، پێویستە لە سنووری بازنەیەكدا بمێننەوە و لێی دەرنەچن، جا گوێ لەو حیوارە سادەیە بگرن و بیر لە مەسەلەی (سنوور) بكەنەوە لای كورد كە چەند كێشەیەكی گەورەیە بەدرێژایی مێژوو، بۆیە ئاراس و برادەرەكانی وەك كوردی دژ بە سنوور وەڵام دەدەنەوە و رەفتار دەكەن، بەڵام كورد چۆن ئەو تەوقە بشكێنێت؟ ئاراس لە كلیپەكەیدا وەڵاممان دەداتەوە و پێمان دەڵێت: بە هێزی نەرم، بە كولتوور بە گۆرانی بە هەڵپەڕكێ بە میهرەبانی و ئینساندۆستی و دەستودڵ كراوەیی، نەك بە شەڕ!

كچێكی ئەورووپیی نەشمیل، لە گەرمەی گۆرانیەكەدا، دێت و مژدە بە ئاراس دەدات: ”چارەسەر دۆزرایەوە“، بینەر دەبێ خۆی بیر بكاتەوە، چارەسەری چی؟ دەردی كۆرۆنا یان دەردی كورد؟ ئاراس و هەموو ئامادەبوان، شاگەشكە دەبن و هەریەك بە شێوازی خۆی، گوزارشت لەو خۆشییە دەكات، دواجار هەموان سنووری سپی و سووری بازنەكانیان دەبەزێنن و پاش ئەوەی پێكەوە لەسەر یەك خوانی یاپراخی كوردەواری كۆ دەبنەوە، هەر هەموو پێكەوە و بە یەك بازنە، سەما و شایی دەكەن، ئەمەش دوو پەیامی تایبەتی ئاراسی لێ دەخوێنرێتەوە: یەكەم، مرۆڤایەتی هەمووی یەك خێزانە، نابێ لە ناوچەگەلێك جەنگ و برسێتی و هەژاری و وێرانكاری و پاشكەوتوویی هەبێت و لە ناوچەگەلێكی تری جیهان، بەزم و خۆشی و تێری هەبێت. پەیامی دووەمیشی ئەمەیە: دەتوانین لە خراپترین حاڵی رەشبینیدا، گەشبینانە بیر بكەینەوە.

دواجار دەڵێم: ئاراس تاكە هونەرمەندی كوردە كە وای كردووە، منداڵ و هەرزەكار و گەنج و پیر، ژن و پیاو، بە تامەزرۆیی و خۆشەویستییەوە، سەیری هەموو گۆرانیەكانی بكەن... سوپاس ئاراس گیان كە پاش بینینی سەدان ڤیدیۆكلیپی سەقەت و بێ مانا و بێ پەیام، ئاهێكت بە رۆحماندا هێنایەوە و فێرت كردین جیاوازی بكەین لەنێوان كاری باش و كاری خراپی هونەرییدا..


بۆ بینینی ڤیدۆ كلیپی (دەڕژێ) و وردبوونەوە لە پەیامەكان، ئەم لینكە بكەنەوە:

https://www.youtube.com/watch?v=a_NMADBpr1E&feature=youtu.be