شارەزایانی یاسایی: بەپێی یاسا نێودەوڵەتيیەكان مافی هەرێمی كوردستانە سنوورەكانی لە پەكەكە بپارێزێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

شارەزایانی یاسایی: بەپێی یاسا نێودەوڵەتيیەكان مافی هەرێمی كوردستانە سنوورەكانی لە پەكەكە بپارێزێت

”بەپێی دەستوور دەبێ حكوومەتی عێراق پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكان وەدەر بنێت“

 

شارەزایانی یاسایی جەخت دەكەنەوە كە لە ڕووی دەستووری عێراق و یاسای نێودەوڵەتیش، هەرێمی كوردستان مافی هەیە سنوورەكانی لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بپارێزێت.

ئاراس عەبدوڵا، شارەزا لە یاسای نێودەوڵەتی بە (باسنیوز)ی راگەیاند، بوونی په‌که‌که‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان پێشێلکردنی سه‌روه‌ریی خاکی هه‌رێمی کوردستان و عێراقه،‌ چونکه‌ ئەو هێزە لەگەڵ ئەوەی هیچ مۆڵه‌تێکی فەرمیی له‌ هه‌رێمی کوردستان و عێراق نییە، بووەتە هۆکاری چۆڵکردنی سەدان گوند و ئاوارەبوونی خەڵکەکەی و ڕفاندنی منداڵان و ئەنجامدانی کاری نایاسایی تا ئاستی ئەوەی بەپێی راگەیەنراوێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئەو حزبە کاری تیرۆریستیی ئەنجام داوە و پیلانی هەبووە کاری گەورەتریش ئەنجام بدات کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان تێکبدات.

ڕوونیشی كردەوە، له‌ روانگه‌ی یاسای نێوده‌وڵه‌تییەوە، په‌که‌که‌ حزبێکی دەرەوەی یاسایە لە هەرێمی كوردستان و چه‌ند ناوچه‌یه‌کی داگیر کردووه‌، جگه‌ له‌ داگیرکردنەكەش، بۆته‌ هۆی زیانی ماڵی و گیانی بۆ خه‌ڵکی ناوچه‌ سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، سەرەڕای دروستکردنی کێشه‌ی نێوده‌وڵه‌تی کە هۆکاری له‌شکرکێشیی وڵاتانی دراوسێیە بۆ سه‌ر خاکی هه‌رێمی کوردستان، که ‌ئه‌مه‌ش پێشێلکردنی تەواوی سەروەریی خاکی هه‌رێمی کوردستان و عێراقە”.

ئەو چاودێرە سیاسییە، سێ رێگای بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی سەربازیی پەکەکە لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان خستە ڕوو بەم شێوەیە:

- لە ڕێگەی ئاشتی و دانوستان لەگەڵ پەكەكە ڕازی بكرێن بەوەی خاكی هەرێمی كوردستان جێ بهێڵن.

- دەکرێ هەرێمی کوردستان له‌ ڕێگەی سکاڵا له ‌رێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و وڵاتانی زلهێز، فشار بخاتە سەر په‌که‌که‌ تاوەكوو خاكی هەرێمی كوردستان چۆڵ بكەن.

- هه‌رێمی کوردستان به‌ هاوکاریی حکوومه‌تی عێراق و هاوپه‌یمانان، له‌ژێر بڕگه‌ی پاراستنی سه‌روه‌ریی خاک و به‌رگریی شه‌رعی (الدفاع الشرعی)، دەری بکات.
گوتیشی: “ناکرێ ژیانی خەڵکی سڤیلی هەرێمی کوردستان تاسەر ببێتە قوربانیی کارە نایاساییەکانی پەکەکە”.

لە لایەكی دیكەوە ئارام رەسوڵ مامەند، شارەزای دەستووری بە (باسنیوز)ی راگەیاند، بەپێی دەستووری عێراق، بوونی پەکەکە لەنێو خاکی عێراق و ھەرێمی کوردستان نادەستوورییە و نابێت ھیچ ھێزێکی چەکداری و سیاسی لە دەرەوەی دەستوور و یاساکانی ھەرێمی کوردستان لە خاکی عێراق ھەبێت.

ڕوونیشی كردەوە، بوونی پەکەکە لە خاکی ھەرێمی کوردستان و عێراق و لە ناوچە سنوورییەكان و شنگال، بە تایبەتیش كە لەم ناوچانەوە هێرش دەكەنە سەر خاكی دەوڵەتێكی دراوسێ، ”ھیچ شەرعیەت و بنەمایەکی یاسایی نییە“. گوتیشی: ”بەپێی دەستووری عێراق، دەبێ حکوومەتی عێراق پەکەکە لە خاکی عێراق و هەرێمی كوردستان، بە تایبەتیش لە ناوچە سنوورییەكان بکاتە دەرەوە، ئەمە ئەرکە لەسەر حکوومەتی عێراق“.