پەرلەمانی عێراق رازی نییە حکوومەت قەرز بکات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پەرلەمانی عێراق رازی نییە حکوومەت قەرز بکات

پەرلەمانی عێراق رازی نییە حکوومەتی وڵاتەکەی قەرز بکات بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی وڵات.

نەدا شاکر، ئەندامی لێژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، باشترە حکوومەت بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی، بەدوای جێگرەوەی وەک کاراکردنی کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ بگەڕێت لە بری قەرز وەرگرن.

نەدا شاکر هەروەها رایگەیاندووە، بەردەوامبوونی حکوومەتی عێراق لە وەرگرتنی قەرز بۆ دابەشکردنی مووچە، ”ئابووریی عێراق وێران دەکات“.

ئەو ئەندامەی لێژنەی ئابووری ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رازی نییە حکوومەت بڕی 41 تریلیۆن دینار قەرز بکات، چونکە ئەو بڕە زۆر زۆرە بۆ ئەو دوو مانگەی لەمساڵدا (ساڵی 2020) ماوە.

پێشتر و دوای لێدوانی ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی عێراق، کە رایگەیاندبوو، وەزارەتی دارایی چارەسەری دیکەی جگە لە وەرگرتنی قەرزی هەیە بۆ دابینکردنی پارە، هەیسەم جبووری، سەرۆکی لێژنەی دارایی داوای لە مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردبوو روونکردنەوە بدات.

هەیسەم جبووری رایگەیاندبوو، ئەگەر وەزارەتی دارایی پارەی نەختینەی لەبەردەست بێ، کەواتە پێویست ناکات پرۆژەیاسای قەرز وەرگرتن پەسەند بکرێ و داوای کردبوو مستەفا کازمی لەو بارەیەوە روونکردنەوە بداتە پەرلەمان.