سەنگی ویلایەتی میشیگان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سەنگی ویلایەتی میشیگان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا

سەرکەوتنی سەرۆکی کۆمارییەکان دۆناڵد ترەمپ لە شاری میشیگان لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016 شۆکێک بوو نەک هەر بۆ دیموکراتەکان، بەڵکوو بۆ کۆمارییەکانی ئەو شارەش، چونکە لە هەڵبژاردنە یەک لەدوا یەکەکان، هەر دیتبوویان سەرۆکە دیموکراتەکان دەیبەنەوە.

سەرکەوتنی ترەمپ لە شاری میشیگان لە هەڵبژاردنی رابردوودا، رەنگی ئەو شارەی لە شینەوە گۆڕی بۆ رەنگی سوور.

50 ویلایەتەکەی ئەمریکا بەپێی لایەنگریی سیاسی دابەش دەبن، هەیانە بەردەوام دەنگ بە حزبی کۆماری دەدا و بە (ویلایەتی سوور) دەناسرێت، لە کاتێکدا ئەو ویلایەتانەی دەنگ بە حزبی دیموکراتی دەدەن، بە (ویلایەتی شین) ناو دەبرێن.

ویلایەتی میشیگان 16 کورسیی لە کۆی کورسییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکای بۆ دیار کراوە، واتە قەبارەی ویلایەتەکە لەناو کۆمەڵگەی ئەمریکی ویلایەتێکی مامناوەندە.

راپرسییەکان دەری دەخەن جۆ بایدن، پاڵێوراوی دیموکراتەکان، بە 8%ی خاڵەکان پێش دەکەوێ، ئەویش بە لایەنگریی 50.5% لەوانەی بەشداریی راپرسییەکەیان کردووە، لە بەرامبەردا بە 42.7% بۆ دۆناڵد ترەمپ، ئەمەش مانای وایە، کە ئەو ویلایەتە بۆ هیچکامیان بەسەر ئەوەیدیدا یەکلاکەرەوە نییە.

ئەو ویلایەتە هەر لە ساڵی 1992ەوە تەنیا پاڵێوراوی دیموکراتەکانی هەڵبژاردووە و لایەنگرانی ئەو حزبە بە قەڵای خۆیان داناوە، جگە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2016، کە ئەوکات ترەمپ بە جیاوازییەکی زۆر کەم بەسەر هیلاری کلینیۆندا سەرکەوت.

کۆمارییەکان پێیان وایە، تەکاندان بە رەوڕەوەی ئابووری، کارتی ترەمپە لە سەرکەوتنی بەسەر رکابەرە دیموکراتەکەدا.

جۆن ئاکۆری، بەڕێوەبەری هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترەمپ لە میشیگان، بۆ (سکای نیوز)ی عەرەبی گوتووە: "لە هەڵبژاردنی ساڵی 2016، لەم ویلایەتە بە جیاوازیی نزیکەی 10 هەزار دەنگ بردمانەوە و ویلایەتەکەمان کردە ویلایەتێکی کۆماری". دەشڵێت: "ئێستا سووربوونێکی وا هەیە، کە ئەمجارە دەنگەکانمان نەک دوو هێندە، بەڵکوو سێ ئەوەندەی ئەوکات زیاد بکات، چونکە دانیشتوانەکەی هەست دەکەن، کە ژیانیان لە تەواوی کەرتەکانی ئابووری زۆر باشترە لە پێشووتر".

بەڵام دیموکراتەکان پێیان وایە، ئەو ویلایەتە هاوسنوورە لەگەڵ کەنەدا، دەنگ بە پاڵێوراوەکەیان جۆ بایدن دەدەن. بریان موسلم، ئەندامی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی زانکۆی میشیگان بۆ (سکای نیوز)ی عەرەبی گوتووە: "دیموکراتەکانی میشیگان یەک ملیۆن کەسیان لە کۆمارییەکان زیاترە، بۆیە دەیبەنەوە". دەشڵێت: "لە هەڵبژاردنی رابردوودا ترەمپ بە کەمتر لە 1%ی بردەوە و پێگەی جەماوەریی لەوێ فراوان نەبووە، ئێستاش هەر قسە بۆ ئەوان دەکات ئێمە پێمان وایە پێشوازییەکی گەورە لە دەنگدانی پێشوەختە و دەنگدانی پۆستە دەکرێت، کە ترەمپ هەوڵی دا تەگەرەی بخاتە بەردەم".

بە گوێرەی پێگەی (ئەرەب ئەمریکا)، ویلایەتی میشیگان رەوەندێکی زۆری عەرەبی تێدا نیشتەجێیە، کە بە زیاتر لە 800 هەزار کەس مەزەندە دەکرێت، لە کۆی 3.5 ملیۆن لە سەرجەم عەرەبەکانی ئەمریکا. ئەم ویلایەتە بووەتە بنکەیەکی گەورەی کۆبوونەوەی عەرەب لە ئەمریکا، رەوەندی عەرەبی ئەو ویلایەتەش بە کۆنترین و هەمەجۆرترین رەوەندی عەرەبی لە ئەمریکا دادەنرێت، کە هەر لە سەدەی نۆزدەوە روویان لە ئەمریکا کردووە.

رەوەندی عەرەب لە هەردوو شاری "دیترویت و دیربۆرن" نیشتەجێن، کە بە یەکێک لە ویلایەتە پێشەنگەکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل دادەنرێ و چەندین پیشانگە و کۆمپانیای گەورەیشی تێدایە، وەک فۆرد و جەنەرال مۆتۆرز.

بریان موسلم ڕاشی گەیاندووە: "پێم وایە ئێمە وەک عەرەبەکانی ئەمریکا، بووینەتە بەهێزترین و گەورەترین و رێکخراوترین رەوەند، سامان و دامەزراوەی گەورەمان هەیە". بەڵام بەشێوەیەکی گشتی، رەوەندی عەرەب لە ویلایەتی میشیگان بەسەر لایەنگریی "ترەمپ و بایدن"دا دابەش بوون.