وەزارەتی کار: بەم نزیکانە بڕە پارەیەک وەک هاوکاری دەدرێت بە 140 هەزار خێزان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

وەزارەتی کار: بەم نزیکانە بڕە پارەیەک وەک هاوکاری دەدرێت بە 140 هەزار خێزان

"بڕی هاوکارییەکە 100 هەزار دینارە"

حکوومەتى هەرێمی کوردستان لە رێگەی وەزارەتی کار و وەزارەتی داراییەوە بڕی 100 هەزار دینار دەدات بەو  خێزانانەی کە هەژارن و دۆخی داراییان خراپە، لە هەرێمی کوردستان 140 هەزار خێزان هاوکارییەکە دەیانگرێتەوە.

زەکیە سەید ساڵح، بریکارى وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە (باسنیوز)ى رایگەیاند: "بە هۆى بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆڕۆناوە چەندین کەس کارەکانیان لەدەست دا و بەو هۆیەوە چەندین خێزان لەتوانایاندا نەبوو بژێوى رۆژانەیان دابین بکەن، بۆ هاوکاریکردنى ئەو خێزانانە وەزارەتى کار لە رێگەى چەند لێژنەیەکى مەیدانییەوە دەستى کرد بە ناونووسکردنى ئەو کەسانەى کە هەژارن یان خاوەن پێداویستى تایبەتن، یانیش داهاتیان بەشى بژێویان ناکات".

راشیگەیاند: "ئەو لیژنە تایبەتەى سەرپەرشتى پڕۆسەکەى دەکرد لیستەکانیان گەڕاندەوە وەزارەت، کە 140 هەزار کەس لەخۆ دەگرێت لە پارێزگاکانى هەولێر و سلێمانى و دهۆک و هەڵەبجە و ئیدارەى راپەڕین، ئێمەش بە نووسراوى فەرمى ناوەکانمان ئاڕاستەى وەزارەتى دارایى کردووە و رێککارەکان تەواو بوون".

ئاماژەی بە ئەوەش دا" بڕى هاوکارییەکە 100 هەزار دینارە بۆ هەر خێزانێک، کە لە رێگەى بانکەکانەوە دابەش دەکرێت، ئەو بانکانەش دەستنیشانکراون کە هاوکارییەکە دابەش دەکەن و بەم نزیکانەش دەست بە دابەشکردنى هاوکارییەکە دەکرێت".