كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
جەبار جەمال غەریب 28/10/2020

لە كیسە تووتنەوە بۆ مۆبائیل و ئایپاد

نەوەكان بەو ئامێرانەوە دەناسرێنەوە، كە لەگەڵیان گەورە بوون، هەر نەوەیە لەگەڵ جۆرێك یان چەند جۆرێک لە ئامێر گەورە دەبێت. نەوەی گاسن و ئەسپسواری، نەوەی كیسەتووتن و حوجرە، نەوەی قوتابخانە و خوێندەواری و مونەوەر، نەوەی كامێرا و سینەما، تا دەگاتە نەوەی ئەلیكتڕۆن و ئایپاد و مۆبائیل. من بە تەقەڵی درشت نەوەكانم جیا كردووەتەوە، زۆر ناو و سەردەمی دیكەش هەیە.


هەموو نەوەیەك كەلوپەل و ئامێری خۆی هەیە، بەتەنیشت ئەوەیشەوە شوێن و لۆكەیشنی خۆی هەیە، ئەوە جگە لە جلوبەرگ و ستایلی جیاواز و وردە وەسایلی دیكە.


بۆ نموونە تۆ، كە پیاوێك دەبینی كیسەیەكی بە پشتێنەكەیەوە هەڵواسیوە، ڕاستەوخۆ دەزانی ئەوە كیسەی تووتنە و دەبێ سەبیلێك و پەڕەسیغاریشی تێدابێت. دەبێ كابرا جلكی كوردیی لەبەردا بێت، كە جەمەدانیی لەسەر نەبێت، دەبێ قژی بۆز و ئاڵۆز بێت.


لۆكەیشنی ئەو وێنەیە، كە كۆن بێت لە لادێیە، نزیك دەشت و کێڵگەیە، كە تۆزێك نوێتر بێت، ئەوە لەپەنا مزگەوتە، یان لەسەر دووكانێكە. تەنیا كیسە و سەبیلە تووتنەكە دەلالەتی جۆری ژیان و ئاستی ژیانی كەسەكانن. هەر بە كیسە تووتنەكەوە دەزانین، كەلوپەلی ماڵی ئەو پیاوە چیین، نەخشەی خانووەكەی، شوێنی نووستنی. هەموو شتێك ئاشكرا دەكات. لە هەمووی گرنگتر ئاستی بیركردنەوە و بۆچوونیشی بۆ ژیان ئاشكرایە، ئەوەش مەبەستی منە. ئەوە تەنیا نموونەیەك بوو. پێویستمان بە نموونەیەكی جیاوازترە.


بەر دەرگای قوتابخانەیە، یان بەردەمی كتێبخانەیەكە، چەند كەس كتێبیان بەدەستەوەیە، ئەوانە نەوەی كتێبن. نەوەی كتێب و قەڵەم، نەوەی وشە و نووسین. نەوەی ڕەشوسپیشیان پێ دەڵێن. ئەوكات كتێب لە چاوی نەخوێندەوارانەوە، پەڕەی ڕەش و سپی بوو. سەر بەسەرداگرتنی پەڕەی ڕەشوسپی.


نەوەی كتێب نەوەیەكی تایبەتە، موقەدەسی لە خێڵ و مەلاوە گواستووەتەوە بۆ ناو كتێب و دەبێتە پاڵەوانی ناو ڕستەكان، واتا تەنیا گۆڕینی كەلوپەلەكان نییە، گۆڕینی فكریشە. ئەو كەسە لە وێنەیەكدا كتێبی بەدەستەوەیە، جلكوبەرگی جیاوازە، قژ و ڕیشتاشینی جیاوازە. لەپشت دیمەنەكەوە ژیان و ماڵی ئارامتر و ڕێكخراوتر هەست پێدەكەین.


نەوەی كتێب دەستخەتی خۆشە، كوردی نووسینەكەی پاراوە، زانیاریی گشتیی زۆرە، ناوی وڵات و پایتەخت و نووسەرانی جیهان و مێژووی شەڕەكان و زۆر شتی دیكەش دەزانێ. بێ سەفەر هاوڕێی بیانیی هەن.


- بازێك دەدەم و بەپەلە دەچمە سەر نەوەی مۆبائیل و ئایپاد و كۆمپیتەر.


ئەو نەوەیە، جارێ بەتەواوی خۆی نمایش نەكردووە، نەوەی كتێب و خوێندنەوە تا خۆی نماییش كرد كاتێكی زۆری ویست. هەر چەند ئەو نماییشكردنە لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی دیكە جیاواز بوو. لە فەڕەنسا شۆڕشی قوتابییان بەرهەمی ئەو نەوە خوێندەوارەیە. بۆ ئەوەی بابەتەكە ئاڵۆز نەبێت، ناچمە سەر كاریگەریی كتێب و خوێندنەوە لەسەر كۆی كایەكانی ئەورووپا، تەنیا و تەنیا لەو كوردستانە بەدەر لە سروشت و یاسایە دەمێنمەوە.


نەوەی كتێب و قەڵەم لە ناوەندی بیستەكانی سەدەی ڕابردوو دەركەوتن. كاریگەرییان بەسەر تەواوی كایەكانی كۆمەڵگەوە هەبوو. ویستیان شوێنپێی خۆیان بەسەر كۆمەڵگەوە جێ بهێڵن.


لە بواری كۆمەڵایەتییەوە برەویان بە یەكسانیی هەژار و دەوڵەمەند، گەنج و پیر دەدا. بەگژ جەهالەتدا دەچوونەوە، ئاڵایان دژی شێخ و ئاغا و مەلا هەڵكردبوو، كە ئەو كاتە سێ كوچكەی بەڕێوەبردنی كۆمەڵگە و سەركوتكردنی خەڵك بوون. بۆ دۆزینەوەی پەیامەكانی ئەو نەوە خوێندەوارە، دەكرێ لە شیعری شاعیراندا بۆی بگەڕێین، بە تایبەتی شیعرەكانی قانع و هاوسەردەمەكان. ئەو نەوەی كتێبە، نماییشی بوونی خۆیان لە هەڵوێستەكانیدا كردووە، سەردەمەكەشیان دەشێ ناوی (سەردەمی هەڵوێستی) لێ بنرێ.


بۆ ئەوەی بتوانم دەربارەی نماییشەكانی نەوەی ئەلیكترۆن و ئەنتەرنێت چەند سەرەداوێك بدۆزمەوە، دەبێ زیاتر نماییشەكانی نەوەی كتێب بناسێنم.
- یەكەم كایەی نەوەی كتێب بەرەوڕووی بووەوە، شێوازی خوێندن و ڕێگاكانی خوێندن بوون.


- گەشەكردنی هەستی نەتەوایەتی، كە دڵدار پێشەنگی نەوەكەیەتی.


- هەستانە سەرپێی ژن، نەوەی خوێندەوار گەورەترین هەنگاوی لە بواری جووڵانەوەی ژندا نا، بە جۆرێك ژن توانی بێتە ناو هەموو كایەكانەوە، بە جۆرێك ڕەمز و پایەكانی نەوەی پێشوو نەیانتوانی بەرگریی بكەن، كچان خۆیان، یان كچانی شێخ و مەلا و ئاغاكان ڕۆڵی گرنگیان هەبوو لە بەرەوپێشبردنی ڕۆڵی ژندا. من نەوەی ژنە خوێندەوار و چالاكەكان ناو دەنێم ژنانی شۆڕشگێڕی كۆمەڵایەتی. ئەو ژنانە بەوپەڕی جورئەتەوە توانییان پانتاییەكی فراوانی قوتابخانە و فەرمانگە و كایەكانی دیكە داگیر بكەن و قسەیان وەربگیرێت و سەربەخۆیی ئابوورییشیان هەبێت.


- پۆشاك، نەوەی كتێب لە ڕێگای پۆشاكەوە پەیامی خۆی دەگەیاند، گەنجان بەتەواوی جلكوبەرگی خۆیان لەگەڵ نەوەی پێش خۆیان جیا كردبووەوە، بە شێوەیەك، كە هەرگیز پێشتر ئەو جیاوازییە بەو ئەندازە فراوانە نەبینراوە. پانتۆڵی ئەورووپایی، كراسی یەخەپان و خەنافس و پرچی درێژی تایبەت و چەندان شێوازی دیكە.


لە بواری گۆڕینی پۆشاك، ژنان مەعجیزەیان نواند، لە ماڵی سۆفی، كە خەڵك بۆ تەبروك ڕوویان تێدەكردن، كچی مینیژۆپ لەپێ و قژكاری فەڕەنسی دەهاتنە دەر، كچە مەلا و حاجی، سەرەی چوونە سینەمایان دەگرت. ئەوەی جێگای سەرنجە، ئەو چەند دێڕەی من (ئەمڕۆ) دەشێ بە چاوێكی نیگەرانییەوە سەیر بكرێت، بەڵام دەركەوتنی ئەو ژن و كچە مۆدێرنانە (لە كاتی خۆیدا) هەرگیز بە نامۆ سەیر نەكران و ئەوپەڕی ڕێزیان لێ دەگیرا. ئەوەش یەك مانای هەیە، ئەویش ئەوەیە، نەوەی كتێب و خوێندن بە ئیرادەوە هاتبوونە مەیدان، نەك تەنیا بۆ خۆنماییشكردن.


هەموو ئەوانە دەنووسم بۆ ڕێخۆشكردن بۆ بابەتە هەڵبژاردەكەم، ئەویش ئەوەیە:
- نەوەی ئەنتەرنێت و ئایپاد و ئەلیكترۆن چۆن خۆی نماییش دەكات؟