چەند رۆژێکی کەمیان لەبەردەمدا ماوە.. ترامپ و بایدن بە دوو شێوازی جیاواز رکابەریی دەکەن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

چەند رۆژێکی کەمیان لەبەردەمدا ماوە.. ترامپ و بایدن بە دوو شێوازی جیاواز رکابەریی دەکەن

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا و پاڵێوراوی کۆمارییەکان، هەروەها جۆ بایدن، پاڵێوراوی دیموکراتەکان بە دوو شێوازی جیاواز لە یەکدی، هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنیان لە ویلاتە یەکلاکەرەوەکان چڕ کردووەتەوە و چاویان بە ئاپۆرای لایەنگرانیان دەکەوێ، لە کاتێکدا کەمتر لە هەفتەیەکی ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، کە بڕیار وایە لە 3ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوە بچێ.

ترامپ، سوورە لەسەر ئەوەی خۆی لە تەواوی گردبوونەوەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردن ئامادە بێ، بەڵام بایدن زۆربەی جار پەنا دەباتە بەر سەرکردە دیموکراتەکان، کە جەماوەرێکی زۆریان هەیە، وەک باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا.

دۆناڵد ترامپ بەشداریی گردبوونەوەیەکی هەڵبژاردن دەکا لە ویلایەتەکانی ميشيگن و ويسكۆنسن و نبراسكا، رۆژی چوارشەمیش روو دەکاتە ئەریزۆنا و فلۆریدا، بەڵام بایدن دەچێتە جۆرجیا، کە لە ساڵی 1992ەوە پاڵپشتیی هیچ سەرۆکێکی دیموکراتەکانیان نەکردووە، دوای ئەوێ لەوێ لەگەڵ دەنگدەران کۆئەبێتەوە، رۆژی چوارشەمە روو ئەکاتە ویلایەتی ئایۆوا.

رۆژی دووشەمە هەردوو هەڵمەتەکە تیشکیان خستبووە سەر پەنسلڤانیا، ترامپ هەزاران لایەنگری خۆی دیت، بەڵام بایدن لە دەرەوەی نووسینگەکەی خۆی لە شاری چیستەر، سڵاوێکی لە کۆمەڵێکی کەمی لایەنگرانی خۆی کرد و تەواو.

کۆری کراولی، شرۆڤەکاری سیاسی، بۆ (سکای نیوزی عەرەبی) دەڵێت: “ئەو ویلایەتانەی ترامپ بەر لە چەند رۆژێک لە وادەی هەڵبژاردن سەردانیان دەکا و پێوستە تیایاندا سەر بکەوێ، هەڵبژاردنی پێشوو باراک ئۆباما تیایاندا سەرکەوت، بەڵام دواتر بە قازانجی ترامپ هەڵگەڕایەوە، پێویستە سەرۆک پارێزگاریی لەو سەرکەوتنەی خۆی بکا، ئەگەر بیەوێ 270 دەنگ لە کۆی دەنگی هەڵبژاردندا بێنێ، بۆ ئەوەی بتوانێ سەربکەوێ”.

کراولی تیشک ئەخاتە سەر ئەوەی، ترامپ بەپێچەوانەی پاڵێوراوە کلاسیکییەکانی دیکەی وەک کاملا هاریس و جۆ بایدن، هەست بەوە دەکات، ئامادەیی خۆی لە گردبوونەوەکاندا هۆکارێکی کاریگەرە، پێی وایە ئامادەیی خۆی بەهێزترین خاڵە لە ئاراستەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن.

بایدن ئومێدی زۆر بە ویلایەتی جۆرجیایە، تا کۆی 16 دەنگەکەی هەڵبژاردن ببا، راپرسییەکانی چەند رۆژی رابردووش دەریانخست، دەنگەکانی لەگەڵ ترامپدا لێک نزیک بوونەتەوە.

لای خۆیەوە، دانی ویس، شرۆڤەکاری سیاسی بۆ (سکای نیوزی عەرەبی) دەڵێ: “بایدن دەرفەتێکی گەورە لە ویلایەتەکانی باشوور بۆ دیموکراتەکان دەبینێ، وەک جۆرجیا، لە ساڵی 2016 ترامپ لە ویلایەتی جۆرجیا بە پێنج لە سەدای دەنگەکان سەرکەوت، راپرسییەکانی ئێستاش دەریدەخەن، تەنیا بە نیو خاڵ لەپێش بایدنەوەیە".

ویس روونی دەکاتەوە: “ترامپ یەک شێواز بەکار دەهێنێ، ئەویش گردبوونەوەی زۆرە لە چەندین شوێندا، کەچی بایدن نوێنەرەکانی خۆی دەنێرێتە سەرانسەری ویلایەتەکان، بۆ ئەوەی لەجیاتی ئەو لێدوان بدەن”.

ویس پێی وایە، ئەو شێوازەی بایدن گرتوویەتییە بەر، کاریگەرییەکەی دەرکەوتووە، دەشڵێ: “راپرسییە نوێیەکان هیچ پێشکەوتنێکیان لە هیچ گردبوونەوەیەکی هەڵبژاردن بۆ ترامپ تۆمار نەکردووە، بەڵام لە ویلایەتەکانی میشیگن و پەنسلڤانا و ویسکۆنسن، بایدن پێش ترامپ کەوتووەتەوە”.

بەڵام کۆری کراولی، شۆرڤەکاری سیاسی پێی وایە، ئەو شێوازەی ترامپ گرتوویەتییە بەر بەرهەمی دەبێ، بەتایبەتی ئەگەر جەخت بکاتە سەر ویلاتەکانی نبراسکا و تکساس و جۆرجیا. کراولی پێی وایە: “لەم چەند رۆژە کەمەی بۆ هەڵبژاردن ماوە، ترامپ سەردانی 12 بۆ 15 شاری دیکە دەکات”.