سەركردەیەكی پارتی بۆ موراد قه‌ره‌یلان: لە نیازە شەڕانگێزانەكان تێدەگەین
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سەركردەیەكی پارتی بۆ موراد قه‌ره‌یلان: لە نیازە شەڕانگێزانەكان تێدەگەین

”پەكەكە هەوڵەكانی دروستکردنی ئاژاوەی له‌ باشووری کوردستان بۆ ناچێتە سەر“

ئه‌ندامێکی سه‌رکردایه‌تیی پارتی دیموکراتی کوردستان، وه‌ڵامی موراد قه‌ره‌یلان، سەركردەی باڵای پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌که‌که‌) ده‌داته‌وه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات، لە نیازە شەڕانگێزانەكان تێدەگەن، بەڵام پەكەكە هەوڵی دروستكردنی ئاژاوەی بۆ ناچێتە سەر.

ئەمڕۆ سێشەممە 27/10/2020، عه‌لی عه‌ونی، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە وەڵامی قسەكانی موراد قەرەیلاندا بە (باسنیوز)ی راگەیاند: ”با قه‌ره‌یلان ئه‌و په‌یامه‌ ئاراسته‌ی خۆیان بکا، به‌ چ پاساوێک هاتوون بەرپرسی ئاسایش له‌ کوردستان شه‌هید ده‌که‌ن؟ په‌که‌که‌ چۆن خۆی کردووه‌ته‌ خاوه‌ن ماڵ و رۆژانه‌ دێته‌ پێشه‌وه‌ و زەویوزاری باشووری کوردستان داگیر ده‌کات؟ په‌که‌که‌ قەبووڵ ده‌کات له‌ سنووری قه‌ندیل و ده‌سه‌ڵاتی خۆیدا له‌ رۆژئاوای کوردستان هیچ هێزێکی سیاسی کاری سیاسی بکات؟ په‌که‌که‌ به ‌چ شه‌رعیه‌تێک ده‌یه‌وێت له‌ قه‌ندیله‌وه‌ په‌یامی هه‌ڕه‌شهئامێز بۆ باشووری کوردستان بنێرێت؟"

ئاماژەی بەوەش كرد، پەكەكە هه‌میشه‌ پاساوی داوه‌ته‌ ده‌ست سوپای وڵاتان بۆ ئه‌وه‌ی لەشكركێشی بكەنە سەر خاكی هەرێمی كوردستان. گوتیشی: ”په‌كه‌كه‌ بووه‌ته‌ هێزێكی مه‌ترسیدار به‌ ده‌ست داگیركه‌رانی كوردستانەوە، له‌ هه‌ر شوێنێك داگیركه‌ران بخوازن، زیان له‌ بزاڤی رزگاریخوازیی كوردستان بده‌ن، په‌كه‌كه‌ رۆڵێكی نه‌رێنی ده‌بینێت“.

سەركردەكەی پارتی، ئاماژەی بەوەش كرد، كە لە دوا به‌یاننامه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە دەردەكەوێ كە‌ په‌که‌که‌ له‌ باشووری کوردستان، خه‌ریکی دروستکردنی فیتنه‌ی شه‌ڕی براکوژییە، له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش خه‌ریکی دروستکردنی حزبی ده‌سکه‌لان و به‌کاریان ده‌هێنن بۆ شه‌ڕی براکوژی، له‌ شنگال و مه‌خموور بوونه‌ته‌ به‌شێك له‌ حه‌شدی شه‌عبی و مووچه‌ی خۆیان له‌ حه‌شدی شه‌عبی وه‌رده‌گرن و وه‌ك چه‌ته‌ له‌ ده‌ستی ئه‌واندان.

هۆشداری ئەوەشی دا، كە په‌که‌که‌ ده‌یه‌وێت سوود لە ناکۆکیی سیاسیی هێزه‌کانی باشووری کوردستان وه‌ربگرێت و له‌ باکووری کوردستانیش بووه‌ته‌ شکستخواردووترین هێزی سیاسی. گوتیشی: ”با قه‌ره‌یلان باش بزانێت، ئه‌وه‌ی پێیان ده‌که‌ن بۆ دروستکردنی ئاژاوه‌ له‌ باشووری کوردستان، بۆیان ناچێته‌ سه‌ر، باشیش ده‌زانین خه‌ریکن ئاژاوه‌ له‌ باشووری کوردستان دروست ده‌که‌ن، لە نیازە شەڕانگێزانەكان تێدەگەین".