یەکێتیی هاوردە و هەناردەکاران: دابەزینى نرخی لیرە و تمەن کاریگەریی لەسەر بازاڕ و بازرگانان هەبووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

یەکێتیی هاوردە و هەناردەکاران: دابەزینى نرخی لیرە و تمەن کاریگەریی لەسەر بازاڕ و بازرگانان هەبووە

سەرۆکی یەکێتیى هاوردە و هەناردەکارانى هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت دابەزینى بەهاى دراوى وڵاتانى دراوسێ بە تایبەت تورکیا و ئێران کاریگەریى لەسەر بازاڕى هەرێمی کوردستان هەبووە و دڵەڕاوکێشى لاى بازرگانان دروست کردووە.

مستەفا عەبدولرەحمان، بە (باسنیوز)ى رایگەیاند: "بە هۆى بەردەوامیى هەڵکشان و داکشانی بەهاى دراوی وڵاتانى دراوسێى هەرێمى کوردستان بە تایبەت تورکیا و ئێران، کە ئێمە زۆرترین کەلوپەل و کاڵا لەو دوو وڵاتە هاوردە دەکەین کاریگەریى هەیە لەسەر دۆخى بازاڕى هەرێمی کوردستان، بە جۆرێک نرخى چەند جۆرێک کاڵا و شتومەک دادەبەزێت".

راشیگەیاند: "ئەو کاڵایانەى کە کەرەستە خاوەکەشیان لە وڵاتانى تورکیا و ئێرانەوە هەیە، زۆرتر دابەزیون لەو کاڵایانەى کە کەرەستە خاوەکانیان لە وڵاتانى بیانییەوە هاوردە دەکرێت، بۆ نموونە بەروبوومى کشتوکاڵى و فەرش و چەرەسات و چەندین جۆر خواردەمەنى نرخیان دابەزیوە، بەڵام ئەو کاڵایانەى کەرەستە خاوەکانیان لەو وڵاتانە نییە کەمتر نرخیان دابەزیوە".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد "دابەزینى بەهاى لیرەى تورکى و تمەنى ئێرانى دڵەڕاوکێى لاى بازرگانانى هەرێمى کوردستان دروست کردووە، چونکە دەترسن لەوەى رێژەیەکى زۆر کاڵا هاوردە بکەن و لەناکاو تمەن و لیرە ئەو بەهایە لەدەست بدەن و ئەوان هێشتا کەڵاکانیان ساغ نەکردبێتەوە، لەو حاڵەتەش ئەوان زیانى زۆریان پێدەگات".