ئەردۆغان: داواکارم خەڵک بایکۆتی کاڵای فەڕەنسی بکەن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئەردۆغان: داواکارم خەڵک بایکۆتی کاڵای فەڕەنسی بکەن

پاش تەشەنەسەندنی گرژی و ئاڵۆزیی نێوان هەردوو سەرکۆماری تورکیا و فەڕەنسا، ئەمڕۆ سەرکۆماری تورکیا لە لێدوانێکدا داوای لە خەڵک کردووە لەمەودوا بایکۆتی کاڵای فەڕەنسی بکەن.

ماڵپەڕی (سپۆتنیک) لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە ٢٦ی١٠ی٢٠٢٠ لە لێدوانێکدا داوای لە خەڵکی تورکیا کردووە با بایکۆتی کاڵای فەڕەنسی بکەن.

دوێنێ یەکشەممە ئەردۆغان بۆ دووەمجار لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا داوای لە ئیمانوێل ماکرۆن سەرکۆماری فەڕەنسا کرد کە "پشکنینی دەروونی" بکات و هاوکات بە کەسێکی بەلاڕێداچوو ناودێری کردووە.

ئەم قسە توندانەی ئەردۆغان بەرانبەر بە سەرکۆماری فەڕەنسا بووە هۆی ئەوەی فەڕەنسا باڵوێزی خۆی لە ئەنقەرە بانگ کردەوە پاریس و هاوکات جۆزف بۆرل، سەرۆکی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپاش ئەو قسە و دەربڕینانەی ئەردۆغانی بە قەبووڵنەکراو d داناوە و داوای لە تورکیا کرد ئەو ڕووبەڕووبوونەوە مەترسیدارانە ڕابگرێت.

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش کردووە زۆرێک لە موسڵمانان خوازیاری بایکۆتی فەڕەنسان، چونکە ئێمە سیمای ڕاستەقینەی ئەوانمان ئاشکرا کردووە.

پێوەندیی فەڕەنسا و تورکیا لە چەند مانگی ڕابردووەوە بەهۆی گەڕانی تورکیا لە دەریای سپیی ناوەڕاست بەدوای غازی سروشتی، هەروەها پشتگیرییەکانی ئەنقەرە لە باکوو لە جەنگی قەرەباخ، زیاتر بەرەو ئاڵۆزی ڕۆیشتوون.

جیاواز لەو چەند پرسە لەمدواییانە مامۆستایەکی فەڕەنسی بە پیشاندانی وێنەی کاریکاتێری پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) لەناو گۆڤاری شارلی ئیبدۆ، بووە هۆی تووڕەبوونی موسڵمانان، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی گەنجێکی توندڕەو ئەو مامۆستایەی بە چەقۆ سەربرێ.

سەربڕینی ئەو مامۆستا فەڕەنسییە لە ئاستی ناوخۆی فەڕەنسا و ئەورووپا کاردانەوەی زۆری لێ کەوتەوە، هەر بۆیە بەرپرسانی باڵای فەڕەنسا کردەوەی ئیسلامییە توندڕەوەکانیان ئیدانە کردووە و ئەمەش بووەتە هۆی کاردانەوەی هەندێ وڵاتی موسڵمان بەرانبەر بە حکوومەتی فەڕەنسا.