شارەزایەكی كەرتی خانووبەرە: پێشبینی دەكرێ بازاڕی خانووبەرە جووڵەی باش بكات و نرخی یەكەی نیشتەجێبوونیش دابەزێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

شارەزایەكی كەرتی خانووبەرە: پێشبینی دەكرێ بازاڕی خانووبەرە جووڵەی باش بكات و نرخی یەكەی نیشتەجێبوونیش دابەزێت

لە هەولێر دەیان پرۆژەی نیشتەجێبوون هەن، سەرمایەیان زیاتر لە 2 ملیار دۆلارە

 

سەردار ئازاد، شارەزای بازاڕ و كەرتی خانووبەرە، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ (باسنیوز)، چەند زانیارییەك لەبارەی نرخی خانووبەرە و پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون لە هەولێر دەخاتە ڕوو. راشی دەگەیەنێت: ”جووڵەیەك دەستی پێكردووەتەوە، بەڵام هەموو پێشبینییەکان بەرەو هەڵسانەوەی کەرتی خانووبەرەن لە ساڵی 2021دا، ئەویش بەهۆی باشتربوونی دۆخی بازاڕ و دارایی کوردستان و ئەگەر قەیرانی كۆرۆناش نەمێنێت، هێشتا جووڵەی ئەم بازاڕە كاراتر دەبێت“.

سەرەتا ئەوەی خستە ڕوو، كە ماوەی رابوردوو بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا و خراپیی دۆخی ئابووری و كەرەنتینەی گشتی، بازاڕی خانووبەرە لە هەولێر و هەرێمی كوردستان زۆر خراپ بوو، بەڵام ئێستا جووڵەیەك دەستی پێكردووەتەوە، گوتی: "دوای رێکكەوتنی هەولێر و بەغدا، بەدڵنیایی بازاڕی خانووبەرە و زەوی باشتر دەبێت، بەڵام هەموو پێشبینییەکان بەرەو هەڵسانەوەی کەرتی خانووبەرەن لە ساڵی 2021، بەهۆی باشتربوونی دۆخی بازاڕ و دارایی کوردستان، خۆ ئەگەر ساڵی داهاتوو قەیرانی كۆرۆنا نەمێنێت، هێشتا بازاڕەكە باشتر دەبێت".

ئاشكراشی كرد، لە شاری هەولێر زۆر پڕۆژەی نیشتەجێبوون هەن، كە سەرمایەكانیان چەندین ملیۆن دۆلارە، گوتیشی: "لە هەولێر دەیان پرۆژەی نیشتەجێبوون هەن، کە سەرمایەکەیان بە زیاتر لە 2 ملیار دۆلار دەقەبڵێندرێت".

جەختیشی كردەوە، سەرمایەی عەقارات لە کوردستاندا، لە کەرتی شوقە و باڵەخانەی بازرگانی و ڤێلای نیشتەجێبوون بە چەند ملیار دۆلارێک دێتە قەبڵاندن. ئەو ناوی ١٦ پرۆژەی مەزن و زەبەلاحی نوێی تاوەر و خانووبەرە لە هەولێر هێنا، كە چەندین هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لەخۆ دەگرن.

ئەو شارەزایەی عەقارات ئاماژە بەوە دەكات، ئێستا لە بواری عەقارات مۆدێلی تاوەرە: "ئاراستەی حکوومەتیش بەرەو تاوەرە واتە ستوونی نەك ئاسۆیی، بۆ ئەوەی زەویی کەمتر، خەڵکی زیاتر بۆ نیشتەجێکردن لەخۆ بگرێت، هەمیش وەبەرهێنەران قازانج و سوودی زیاتریان دەست دەکەوێت، خەڵکیش بە پارەی کەم دەتوانن ببنە خاوەن یەکەی نیشتەجێبوون".

سەردار ئازاد جەخت دەكاتەوە: "ئەگەر خەڵک پارەی هەبێت زەوی بکڕێت باشە، بۆ قازانجیش شوقە بۆ کرێ باشە". لەمیانەی قسەكانیدا، ئەو باسی لە توێژینەوەیەكی خۆیان کرد بۆ بواری عەقارات و گوتی: "ساڵی 2021 ساڵێكی جیاواز دەبێت بۆ عەقارات، بەپێی ئەو دیراساتەی کردوومانە ساڵی 2021 ئەم گۆڕانکارییانە روو دەدەن: یەکەم، نرخی شوقە لە زۆنی زێڕ 20٪ بۆ 30% دادەبەزێت، بەهۆی زۆربوونی پرۆژەکان و نەبوونی خواست لەسەریان. دووەم، کەرتی عەقارات بەرەو قیستی 10ساڵی و 15 ساڵی بەتەواوی دەگۆڕێت و وای لێ دێت، کە گەنج دەتوانێ بە پێشەکییەکی زۆر کەم ببێتە خاوەن شوقە. سێیەم، پێشبینیی هاتنی خزمەتگوزاریی دەكرێت بۆ ئەو كەرتانەی تا ئێستا خزمەتگوزارییان نەگەیشتووەتێ، ئەمەش جووڵە دەخاتە بازاڕ و هەزاران هەلی کار دەڕەخسێنێت. چوارەم، هاتنی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی عەرەب کەرتی خانووبەرە دەبووژێنێتەوە".

روونیشی كردەوە، پڕۆژەكانی شوقە بەشێكیان بۆ نیشتەجێبوونن و رەنگە بەشێكیشی بۆ نووسینگە و ئۆفیسی بازرگانی بن، بەڵام بۆ خەڵك و بۆ ئابووریی هەولێر و كوردستان پڕۆژەی باشن. سەردار ئازاد پێی وایە، هەبوونی پڕۆژەی نیشتەجێبوون و عەقارات كەڵكی ئابووری بۆ خەڵك دەبێت و بازاڕیش دەجووڵێت.

گوتیشی: ”بەو هۆیەوە بێكاریی كەم دەبێتەوە و بواری خانووبەرە و بیناسازی دەبووژێتەوە، كاریگەریی راستەوخۆشی لەسەر كێشەی نیشتەجێبوون دەبێت، چونكە كاتێك شوقە زۆر بن، نرخی كرێ كەم دەبێتەوە و خەڵكیش بەئاسانی شوێنی نیشتەجێبوونی دەست دەكەوێت».