كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

بەرپرسێكی سۆسیالیست: یوسف محەمەد بەرامبەر پێشێلكاری دژی خۆپیشاندەرانی عێراق ورتەی لێوە نایەت

 

بەرپرسێكی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان وەڵامی یەكێك لەو پەرلەمانتارانەی دایەوە كە لە پەرلەمانی عێراقەوە بەردەوام دژایەتیی هەرێمی كوردستان دەكات و رای گەیاند كە ناوبراو بەرامبەر كوشتن و برینداركردنی خۆپیشاندەرانی عێراق ورتەی لێوە نایەت، كەچی قسە دژی هەرێمی كوردستان دەكات.

لە كاتێكدا میدیا ناوخۆیی و جیهانییەكان چاویان لەسەر پێشێلكارییەكانە بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانی شار و شارۆچكەكانی عێراق، یوسف محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق كە یەكێكە لەو پەرلەمانتارانەی بەردەوام دژایەتیی مافەكانی هەرێمی كوردستان دەكات و هەوڵی زیان گەیاندن بە خەڵكی هەرێمی كوردستان دەدات لە ڕێگەی دژایەتیكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، كۆمەڵێك تۆمەتی لەبارەی جێبەجێكردنی بڕیاری دادگا بەرامبەر ئەو كەسانە هەڵبەستووە كە لە ژێر ناوی ڕۆژنامەنووس و چالاكوان، ئەجێندای لایەنە نەیارەكانی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكەن.

لە بەرامبەردا شاڵاو عومه‌ر، جێگری به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی سلێمانیی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند، لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراقەوە، دیموكراسی و ئازادی لە هەرێمی كوردستان وەك نموونە بۆ هەموو عێراق وەرگیراوە و هەر حكوومەتێكیش هاتووەتە سەر كار، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هیوای ئەوەی بۆ خوازراوە كە ئازادی و دیموكراسیەتی هەرێمی كوردستان وەك ئەزموونێك بۆ بەغدا بگوازرێتەوە.

ڕوونیشی كردەوە كە یوسف محەمەد سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕانە و حزبەكەی یەكێكە لە پێكهێنەری سەرەكیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەم قسانەی لە دژی حكوومەت، دژی سیاسەتی بزووتنەوەكەی خۆیەتی.

بەرپرسەكەی حزبی سۆسیالیست داوای لە یوسف محەمەد كرد، ”شتەكان وەك خۆی ببینێت و شتی بچووك گەورە نەكرێت و شتی گەورەش بچووك نەكرێتەوە“. گوتیشی: ”هەر ڕۆژی یەكشەممە 25ی ئۆكتۆبەری 2020 خۆپیشاندان لە چەند شارێكی عێراق بووە و ژمارەیەكی زۆر خۆپیشاندەر بریندار و كوژراون، بۆچی بەرامبەر ئەم پێشێلكارییانەی ئەوێ ورتەیان لێوە نایەت؟“.

بەپێی زانیارییەكان، لە خۆپیشاندانەكەی ڕۆژی یەكشەممە 25ی ئۆكتۆبەری 2020 لە بەغدا و ناوچەكانی دیكە، ژمارەیەك خۆپیشاندەر بریندار بوون كە هیچ دەزگایەكی فەرمیی عێراقی ژمارەی تەواوەتی رانەگەیاندووە. لە بەرامبەریشدا لیوا یەحیا ڕەسووڵ، گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق رای گەیاند، دوو ئەفسەر و 30 كارمەندی دەزگا ئەمنییەكان لە گۆڕەپانەكانی تەحریر و خەلانی لە ناوەڕاستی بەغدای پایتەختی عێراق بریندار بوون و كەسانێكی لەنێو خۆپیشاندەران بە هەڵدانی بەرد و مۆلۆتۆف و نارنجۆكی دەستی بۆ نێو هێزە ئەمنییەكان تۆمەتبار كرد.