پێکهێنانی گرووپی رەبعوڵا بە ئامانجی دژایەتیی حکوومەتی کازمییە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پێکهێنانی گرووپی رەبعوڵا بە ئامانجی دژایەتیی حکوومەتی کازمییە

 

چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەدەن کە پێهێنانی گرووپی نوێی توندڕەوی و ئایدۆلۆجی لە عێراقدا هەر جارەی بەنیاز و ئامانجێک بووە و پێکهێنانی گرووپی ربعوڵاش بۆ لێدانە لە حکوومەتەکەی مستەفا کازمی، هاوکات جەخت لەسەر ئەوەش دەکەنەوە کە لە پشتەوەی ئەو گرووپانە هەر ئەو هێزانە هەن کە ساڵانێکە لە حکومڕانی عێراقدابوون و شکستیان هێناوە.

گروپی ڕبعوڵڵا كە بەمدواییانە دروست بووە و ئاڵای حەشدی شەعبی بەرزدەکاتەوە، گروپێکی ڕێکخراوە و چەندین میدیا و پەیج و ئەکاونتی تۆڕی کۆمەڵایەتی دروستکردووە کە سەرەتا لێیانەوە بانگەشە دەکات و دواتریش بە کردار بە کۆکردنەوەی کەسانی ئایدۆلۆژی چ شۆڤێنی بن یان ئایینی، لە عێراقدا ئامانجەکانی جێبەجێ دەکات.

دلشاد میران، دیپلۆماتکار و چاودێری سیاسی، بۆ (باسنیوز) رای گەیاند، ئەو گرووپانە ربعوڵا یان ئەوانەی دیکە بن، ئەوانە گرووپی سەربەخۆنین بەڵکو سەر بەو ئاراستانەن کە لەناو حەشدی شەعبیدان وەکو حزبوڵا و عەسائیب ئەهلوحەق ئەوانی دیکە، گوتیشی: ”ئەو هێزانەی ناو حەشدی شەعبی کە فشاری زۆریان لەسەرە لەلایەن حکوومەتی عێراق و ئەمریکاوە ئەوان دێن لە ڕێگەی گرووپی دیکە و بەناوی دیکە ئەو کارانە دەکەن کە ئامانجیانە، کاتێک کارەکەش دەکرێت ئەوان خۆیانی لێ بێبەری دەکەن“.

ئەو چاودێرە جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، ئەو گرووپانە هەر هەمان ئەو گرووپانەی حەشدی شەعبین، بەڵام بەناوی دیکە کار بۆ ئەو هێزانە دەکەن، گوتی: ”لە ئێستا ئەو گرووپانە پلانیان ئەوەیە ئاژاوەی گەورە لە عێراق بخوڵقێنن و دۆخەکە بەگشتی تێکبدەن بە ئامانجی ئەوەی کە بە خەڵکی بڵێن حکوومەتی مستەفا کازمی فاشیلە یان شکستی هێناوە، واتا ئەو گرووپانە لە پشتی پەردەوە کار بۆ ئەو هێزانە دەکەن کە ئێستا لە حکوومەتی کازمی بێدەسەڵاتکراون کە ساڵانێکە حووکمی عێراق دەکەن و دەستیان بەسەر خێرو بێری ئەو وڵاتەدا گرتووە“.

ئەو چاودێرە ئەوەشی خستە ڕوو، کاری ئەو گرووپ دروستکردنە لە عێراقدا کۆنە و هەموو وڵاتان بە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە باش دەزانن ئەو گرووپانە چۆن و کێ ئاراستەیان دەکات، لەبەرئەوە بەو کارانە بەدەر نابن لەو سزایانەی کە ئەمریکا بۆ هەندێ لە گرووپەکانی حەشدی شەعبی داناوە.