وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی فڕێدانی خاشاک لە تونێلی پیرمام و پیسکردنی بەشێوەیەکی ناشارستانییانە بڵاو کردەوە.
ئەمڕۆ شەممە ٢٤ی١٠ی٢٠٢٠، وەزارەتی شارەوانی لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردووەتەوە: "دوای ئەوەی لە چەند پەیج و ئەكاونتێكی فەیسبووك و ماڵپەڕیكدا، چەند وێنەیەكی تونێلی پیرمام بڵاوكرانەوە، وەك لە وێنەكاندا دیارە تونێلەكە لەلایەن هاووڵاتییانەوە خاشاکی لێ فڕێدراوە و بەشێوەیەكی ناشارستانییانە پیسكراوە، ئەمەش جاری یەكەم نییە و چەند جارێكی دیكەش ئەو دیاردەیە روویداوە و تیمەكانی خاوێنكردنەوە بە ئەركی خۆیان هەڵستاون، ئەمجارەش دەستبەجێ تیمەكانی خاوێنكردنەوە لەو بابەتە ئاگادار كراونەتەوە و هەر ئەمڕۆش تونێلەكەیان خاوێنكردەوە، سەرەڕای ئەوەی شوێنەكە لەبەر چڕی هاتوچۆ مەترسیدارە".
هەروەها وەزارەتی شارەوانی هیوادارە هاووڵاتییان لە کاتی بەکارهێنانی تونێلی پیرمام و تونێلەكانی تردا، بە تایبەتی لەکاتی گەڕانەوەیان لە گەشت و سەیران، خاشاک و پاشماوە فڕێ نەدەنە دەرەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان و ناو تونێلەکە پیس نەکرێت.
ئاماژەش بەوەدراوە، وێڕای ئەوەی تیمەكانی شارەوانی و خاوێنكردنەوە، بە ئەركی خۆیانی دەزانن تونێلەكان خاوێن بكەنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جێی مەترسییە و تاکوو بە پاکی ڕابگیرێت باشترە، لەبەر ئەوەی رەنگە ببێتە هۆی رووداوی هاتوچۆ و گیانلەدەستدانی كارمەندانی شارەوانی و تیمەكانی خاوێنكردنەوە و تەنانەت هاووڵاتییانیش.