كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

چیرۆكی ئەو ژنەی تا تەمەنی 25 ساڵی سێ جار بەبێ خواستی خۆی بە شوو دەدرێ

 

تەمەنی 25 ساڵە و سێ شووی کردووە، ئەمەش لەناو کۆمەڵگە بە نەنگی بۆی حساب دەکرێت، لەکاتێکدا کاتێک گوێ لە چیرۆکەکەی دەگری، دوو جار بە ژن دراوە و هیچ جارێکیش هاوسەرگیرییەکەی بە رەزامەندی و ویستی خۆی نەبووە.

سارا، کاتێك کچێکی چواردە ساڵان بووە، چونکە زۆر جوان بووە، زوو کەوتووەتە بەر چاوی خەڵکی گوندەکەیان و خوازبێنیی زۆر بووە، بۆیە کاتێک مامی لەگەڵ کچێکی گوندەکەیان لە ژوان دەگیرێت، ماڵی باوکی کچەکە بەرامبەر بەخشینی مامی، داوای سارا دەکەن.

سارا دەدرێت بە کوڕێکی تەمەن 30 ساڵ، بەڵام هاوسەرگیرییەکە سەرکەوتوو نابێت. سەبارەت بە هۆکارەکەی، سارا دەڵێت: "کاتێک بە بووکی چوومە ئەو ماڵە، وەک دوژمن مامەڵەم لەگەڵدا دەکرا، لەکاتێکدا تەمەنم تەنیا 14 ساڵ بوو، بە تاوانێک سزا درام، کە من نەمکردبوو، ئەوان هەمیشە توانج و پلاریان لێ دەدام، لەسەر ئەوەی مامم چاوی لە شەرەفی خەڵك بووە، لەو پێودانگەوە "لە رووی ئەخلاقییەوە خێزانێکین کێشەمان هەیە"، کاری خێزانە پازدە کەسییەکەیان بە من دەکرد و بەردەوامیش لەژێر هەڕەشە و سووکایەتیدا بووم".

دوای تێپەڕبوونی ساڵێک، سارا منداڵی نابێت، بۆیە خەسووی سارا دەڵێت، ئەم ژنە نەزۆکە و زیادەیە: "جارێکیان بردمی بۆ لای دکتۆر، بە دکتۆری گوت ئەمە بووکمە و نەزۆکە، دکتۆرەکە لێی تووڕە بوو و زۆر قسەی پێ گوت، گوتیشی تەمەنی ئەم کچە تەنیا پازدە ساڵە، نابێت جارێ هیچ دەرمانێکی پێ بدرێت. لەبەر ئەوە لە رێگا تێر جنێوی پێ دام و سووکایەتیی بە من کرد، ئیتر نەیبردمەوە بۆ لای دکتۆر".

ژیانی سارا وەک خۆی دەگێڕێتەوە ناخۆش بووە، بە هۆی ئەوەی زوو منداڵی نابێت، ناخۆشتریش دەبێت: "رۆژێک خەسووم لەگەڵ کوڕەکەی سرتەسرتی بوو، دوایی بە منیان گوت خۆت کۆ بکەوە دەتبەینەوە ماڵی باوكت. منیش لە خوام دەویست لەو دۆزەخە رزگارم بێت، بۆیە زوو خۆم کۆ کردەوە، کاتێک گەیشتینە ماڵی بابم، خەسووم بە دایکمی گوت، ئێمە ژنی نەزۆکمان ناوێت و خۆتان بە خێوی بکەن، خێزانەکەی من کاتێک بەوەیان زانی، گوتیان، ئەوانە تەنیا مەبەستیان سووکایەتی بوو بە ئێمە، بۆیە کچی خۆمان نانێرینەوە ئەو ماڵە، مامم لە ژنەکەی خۆی و، هاوسەرەکەی منیش، لە من جیا بووەوە".

سارا دەگێڕێتەوە، دوای ساڵێک لەم رووداوە، براگەورەکەم چووە خوازبێنیی کچێک، کە حەزی لێی بوو، ماڵی باوکی کچەکە داوای منیان کرد، ماڵ باوکیشم بەخۆشحاڵییەوە رازی بوون، کە هەم "بێوەژنێک" دەدەنە شوو و هەم ژن بۆ کوڕەکەیان دەهێنن: "خوازبێنی و خۆئامادەکردن هەمووی مانگێکی پێ چوو، من چوومە ماڵی هاوسەری دووەمم، دوای شەش مانگ سکم پڕ بوو و کچێكی جوانم بوو، هەرچەندە ماڵی خەسووم خۆشحاڵ بوون، بەڵام خەسووی دووەمم هەندێک بەویژدانتر بوو لەوەی یەکەم، بۆیە گوتی: جارێ ئەم ژنە گەنجە و یەکەم منداڵە و دواتر کوڕیشی دەبێت".

سارا بۆ ماوەی سێ ساڵ سێ کچی دەبێت، ئەمەش بنەماڵەی هاوسەرەکەی زۆر تووڕە و بێزار دەکات: "سێ کچم بوو، هەموو جارێک وەک تاوانبار سەیر دەکرام و مامەڵەم لەگەڵ دەکرا. وای لێ هات مامەڵەی مێردەکەشم زۆر خراپ بوو، تا گەیشتە ئەوەی لێی دەدام. دوای چەند مانگێک لە لەدایکبوونی کچی سێیەمم، چووە خوازبێنیی ژنێکی تر، بەڵام ماڵی کچەکە گوتیان کچی خۆمان سەربەهەوێ نادەین، بۆیە هاوسەرەکەم دەستبەردارم بوو و لێم جیا بووەوە ".

سارا ئەمجارە، کە دەڕواتەوە ماڵی باوکی، ئەوانیش وەک کەسێكی نەخوازراو مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن و براژنەکەی، کە ئەوی لەجیاتی دراوە، توانجی ئەوەی لێ دەدات، کە ناتوانێ دڵی مێرد و ماڵە خەزووران رابگرێت، بۆیە تا ئێستا لای دوو هاوسەر تەڵاق دراوە.

دەردی سارا ئەمجارە گرانتر دەبێت، چونکە منداڵی بەجێ هێشتووە، هەر بۆیەش بە جیابوونەوەی دووەم زۆر دڵی دەشکێت: "کاتێک داوام دەکرد منداڵەکانم ببینم، ماڵی باوکم تووڕە دەبوون و دەیانگوت، منداڵی خەڵک بۆ ببینی؟ لەبیر خۆتیان بەرەوە”. ئەوەش سارا زیاتر ئازار دەدات، بۆیە چەند جارێک ژنێکی دراوسێیان یارمەتیی سارا دەدات بۆ بینینی کچەکانی بە نهێنی و بەو شێوەیەی هەردوو خێزان نەزانن.

نەبینینی منداڵەکانی بۆ سارا زۆر بەئازار بووە، بۆیە بڕیار دەدات کە شوو بە کەسێک بکاتەوە، رێگریی بینینی منداڵەکانی لێ نەکات، بۆیە لە تەمەنی 20 ساڵیدا شوو بە پیاوێک دەکات تەمەنی 45 ساڵە.

پیاوەکە بەڵێنی پێدەدات، کە خۆی وا دەکات ماڵی باوکی منداڵەکان ناچار بن رێگە بدەن بیانبینێت: "کاتێک هاوسەری ئێستام هاتە داوام، ماڵی باوکم یەکسەر رازی بوون، چونکە بۆ ئەوان "پاککردنەوەی لەکەیەک" بوو! کە كەسێك بدەنەوە بە شوو، دوو جار لە هاوسەرەكەی جیا بووەتەوە. ئەمجارە داوای ژنیان نەکرد، تەنیا هەندێ ئاڵتوون بۆ من کرا و گوازرامەوە ماڵی هاوسەری سێیەمم".

ئەگەرچی سارا ئێستا لە ژیانی خۆی ناڕازی نییە، بەڵام شتێک، کە بەردەوام ئازاری دەدات، تانە و توانجی خەڵکە، ئەو دەڵێت: "هاوسەری ئێستام ژنەکەی مردووە و پێنج منداڵی هەیە، کاتێک کچە گەورەکەی کە شووشی کردووە دێتەوە ماڵ، بەبێ هۆ توانجم لێ دەدات، گوایە من سێ شووم کردووە و ئێستا هاتوومە سەر ماڵی حازریی ئەوان، بەڵام من دەبێ خۆم بێدەنگ بکەم، چونکە هاوسەرەکەم لە رێگەی دادگاوە هەفتانە بینینی منداڵەکانمی بۆ مسۆگەر کردووم، ئەوەش بۆ من هەموو شتێکە".