كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
ماجید نووری 24/10/2020

وەرزی چاندنی تۆوی كوولەكە!


سێ ساڵێك لەدوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول، ڕۆژێكیان لەژێر دروشمی (ساداتە سەر كوولەكە، بۆ خۆت دا بە جوولەكە)، حزبی بەعس مەسیرەیەكی قۆڕیان بە قوتابییان و فەرمانبەرانی سلێمانی كرد، لەناو ئەو مەسیرەیەدا، ئەمنەكانی سەر بە بەعس پەلاماری چەند قوتابییەكی كچ و كوڕیان دا و ڕاپێچی كۆڵانە تەنگەبەرەكەی تەنیشت فەرمانگەی ئاگركوژێنەیان كردن و لە قوژبنێكدا بە دار و بۆكسەوە لە سەروگوێلاكیان بەر بوون، ئەوكات من لە پۆلی چوارەمی سەرەتایی بووم لە قوتابخانەی بێخود، نەمدەزانی سەر كوولەكە كێیە و نەشمزانی بۆچی ئەو بەعسییە عەرەبانە لە گیانی ئەو قوتابییە كوردانە بەر بوون. لە زاری دوكاندارێكی نزیك ئەو شەقامەم بیستەوە، كە ئەو قوتابییانە لەناو ئاپۆراكەوە دروشمی (جوولەكە دوورە لێمان.. حزبی بەعسە دوژمنمان)یان گوتووەتەوە.
ئینجا لەدوای ڕاپەڕین، كاتێك ڕۆژنامەی (سەربەخۆیی)مان دەردەچواند و شەوانە تا درەنگان گوێم لە بەرنامە سیاسییەكانی ڕادیۆكانی مۆنتیكارلۆ و لەندەن و چەند ڕادیۆیەكی تر دەگرت و هەواڵ و ڕیپۆرتاژەكانم بۆ سەر زمانی كوردی وەردەگێڕان.

شەوێكیان لە گفتوگۆی ڕاوێژكارێكی جووەوە بە ناوی (نەقدیمۆن)، كە ڕاوێژكاری پەیوەندییە گشتییەكانی مەناحیم بیگن بووە، باسی لە پەیوەندیی دیبلۆماسی و برادەرانەی نێوان بیگن و سادات دەكرد، كە چۆن لە ئەسكەندەرییە و شەرەمولشێخ بە مەبەستی ڕێکكەوتنی ئاشتیی نێوان میسر و ئیسرائیل، ئەو دوو زاتە یەكتریان بینیوە، ئیتر دواتر لە سەیرانگای (كەمپ دیڤێد) ساڵی 1979 بە سەرپەرشتیی ئەمەریكا ڕێكکەوتنەكەی نێوان سادات و بیگن ئیمزا كراوە، دەسپێكی كۆبوونەوەكانیش لە نۆڤەمبەری 1977 دەستی پێكردووە، كاتێك سادات لەناو هۆڵی كنێستی ئیسرائیلی وتارێكی مێژوویی وەشاندبوو.

دواتر زانیم ئەو ساداتەی لەو مەسیرەیەدا پێیان دەگوت سەر كوولەكە، لە ڕووی قسەزانی بە ئینگلیزی و شارەزایی لە پرۆتۆكۆلاتی دیبلۆماسی و پسپۆڕایەتی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانەوە، لە پێشی هەموو سەركردەكانی ئەو زەمانەی وڵاتانی عەرەبی دابوو. بە كورتییەكەی، كوولەكەی لە زەویی ڕەقدا دەچەقان.

جارێكیان بێگن بە ساداتی گوتووە، لەسەر چ بناغەیەك حوسنی موبارەكت كردووەتە جێگری خۆت؟ سادات وەڵامی داوەتەوە، لەسەر ئەو بناغەیە هەڵم بژاردووە، كە لەدوای خۆم كاتێك ئەو دەبێتە سەرۆكی میسر، ڕێكکەوتنە مێژووییەكەی نێوانمان تێك نەدات و جارێكی تر خوێن لەنێوان هەردوو گەلی میسری و ئیسرائیلیدا نەڕژێت.

خۆ ئەگەر وڵاتانی تری عەرەبیش ئاقڵ بوونایە، ئەوانیش لەو ڕێکكەوتنەدا بەشدار دەبوون. ئەوە یەكەمین ڕێكکەوتننامەی نێوان عەرەب- ئیسرائیل بوو، كە ئەوكات وڵاتانی عەرەبی شەقامی خۆیانیان لە دژی ئەو ڕێكکەوتنە دەوروژاند و ئێستاش دەڵێی درەنگوەخت لەسەر كوولەكە تێگەیشتوون و لەبەر نانەواخانەی ئیسرائیلدا نۆرەیان گرتووە.

لەسەر ئەم نۆرەگرتنە بۆ نان، شتێكی تریشم وەبیرم دێتەوە، لە ساڵانی نەوەدەكاندا بوو، جووە چەپەكان لە نموونەی (شیمۆن پیرێز و یۆسی بیلێن و یۆسی سارید) تیۆرییەكی تازەیان بە ناوی (تیۆریی سنووری ئابووری) داهێنا، تا ببێتە ئەلتەرناتیڤ بۆ تیۆرە ئەزەلیەكەی تەورات، كە لە ڕێی جیۆگرافیاوە كۆنترۆڵی سنووری خاكەكانی نێوان هەردوو ڕووباری نیل و فوراتی دەكرد، ئێستا ئامانجی ئیسرائیلی گەورە لە ڕێی هەژموونی ئابوورییەوە ڕەنگڕێژیی بۆ دەكرێت، دەڵێم ئابووری؛ نەك لە ڕێی وەدەستخستنی قەوارەی خاك و جیۆگرافیاوە، واتا بە تێچوویەكی كەمتر و قوربانییەكی كەمتر، نەك تەنیا فەلەستین، بەڵكوو ئیسرائیل لە توانایدایە هەموو وڵاتانی عەرەبی لە گیرفانی بەرباخەڵی چەپی بنێت، بەڵام بەرەی ئێرانییەكان، لەناو وڵاتانی عەرەبیدا، كە بەشێكی زۆری بڕیاربەدەستانی عێراقیش خزاونەتە ناو ئەو بەرەیەوە، هەر بە عەقڵیەتی هاشوهووش و پڕ لە وەهمی ڕزگاركردنی فەلەستینەوە نزگەرەیانە.

لەو ناوەدا هەندێك وڵاتی عەرەبی ئێستا بۆیان ساغ بووەتەوە، كە ئەم نزگەرانە نە نۆشیانە و نە پێی دەگرن گۆش. لەبەر ئەوە، یەك بەدوای یەكتردا خواخوایانە ببنە سەر كوولەكە و بچنە ناو بەرەی ئیسرائیلەوە و خۆیان بە جوو بدەن، تەنیا لەبەرئەوەی لە مەترسییەكانی ئێران و هەژموونی ڕزگاریان بێت.