كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

کۆمەڵە چیرۆکی (ئاسمانی سوور) چاپ و بڵاو کرایەوە

کۆمەڵە چیرۆکی ئاسمانی سوور، لە نووسینی چیرۆکنووس تێکۆشەر خالید، چاپ و بڵاو کرایەوە.

لەو بارەیەوە تێکۆشەر  خالید، نووسەری کۆمەڵە چیرۆکی ئاسمانی سوور بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەو پەرتووکە چیرۆکە کە سێیەمین بەرھەممە و بڵاوکەرەوەی کەپر لە چاپخانەیەکی تاران چاپی کردووە و ١٠٦ لاپەڕەیە".

تێکۆشەر خالید گوتیشی: "پەرتووکە نوێکەم شەش چیرۆکی ریالیزمییە و لە ھەر چیرۆکێکدا زمانی گێڕانەوە و تەکنیکی جیاوازم بەکار ھێناوە، ھەروەک لە چیرۆکەکان دەمەوێت بە خوێنەر بڵێم من لە دنیایەک دەنووسم کە لێی ژیاوم، یان بۆی دەژیم"

لەبارەی ناوەڕۆکی چیرۆکەکان نووسەری پەرتووکی ئاسمانی سوور ڕوونی کردەوە کە: "لەگەڵ ئەوەی کە کۆمەڵە چیرۆکی ناو پەرتووکەکە ھەر یەکەیان چیرۆکێکی سەربەخۆیە، بەڵام وێنەیەکی گشتی یەکچیرۆکی دەبەخشێت و بەسەرھاتی پیاوێکە کە لە بنەڕەتدا دژی جەنگە و لە پاڵ ئومێد و نا ئومێدیدا چیرۆکی خۆی و دەوروبەرەکەی لە سەرەتای چوونە ناو جەنگ تا گەڕانەوەی باس دەکات کە کۆی کارەکتەرەکان ھەڵگری نەخۆشی، یان گرێی دروونین کە کولتورو ژینگە و سروشت بەسەری ھێناون".