كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

لە بازگەكانی کەرکووک ڕێگە نادرێت دەرمان بێتە ناو شارەكەوە

"نرخی دەرمان لە دەرمانخانەكان بەرز بووەتەوە"

ماوەیەكە لەسەر فەرمانی ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركووك، لە بازگەكان ڕێگە بە هاوردەكردنی دەرمان بۆ ناو شاری كەركووك نادرێت و ڕەخنەش لەو هەنگاوە دەگیرێت كە بووەتە هۆی بەرزبووەنەوەی نرخی دەرمان لە کەرکووک.

ئەمڕۆ شەممە 24/10/2020، سامان یابە، گوتەبێژی فەرمانگەی تەندروستیی كەركووك، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ڕاستە بە بیانووی جۆراوجۆرەوە ماوەیەكە لە بازگەكان ڕێگە بە هاوردەكردنی دەرمان بۆ كۆگاكانی دەرمان لە شاری كەركووك نادرێت".

گوتیشی: "وەك فەرمانگەی تەندروستیی كەركووك ئێستا لەگەڵ لایەنە پەوەندیدارەكان لە هەوڵی چارەسەركردنی ئەو گرفتەین، چونكە ئەگەر ئەو گرفتە چارەسەر نەكرێت، ئەوا قەیرانی دەرمان دروست دەبێت و نرخەكەشی هەڵدەكشێت".

هەر لەمبارەوە كەمال بایر، کە لە كۆگایەكی دەرمانی شاری كەركووك كار دەكات، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "دەرمان بە شێوەیەكی ئاسایی بۆ گشت شارەكانی عێراق دەڕوات، بەڵام تەنیا رێگری دەكرێت بهێنرێتە ناو كەركووكەوە، بۆ ئەوەش پێویستە سەرانە بدرێت ئینجا ڕێگە دەدەن بهێنرێتە ناو شارەكەوە، بۆیە ئێستا ماوەی چەند رۆژێكە رێگە بە هێنانی دەرمان بۆ ناو كەركووك نادرێت".

گوتیشی: "لە كەركووك هیچ كارگەیەكی دروستكردنی دەرمان نییە و ئەگەر هێزە ئەمنییەكان هەر رێگر بن لەوەی دەرمان نەیەتە ناو شارەكەوە، ئەوكاتە قەیرانی دەرمان دروست دەبێت و خەڵك باجەكەی دەدات".