گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاو ده‌كاته‌وه‌
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاو ده‌كاته‌وه‌

 

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كى له‌باره‌ى پابه‌ندبوونى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ ڕێككه‌وتنى ئۆپیك پڵه‌س بڵاو كرده‌وه‌.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 22/10/2020، د. جووتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كى بڵاو كرده‌وه‌ و ئاماژه‌ى به‌وه‌ داوه‌: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەندی كەمكردنەوەی بەرهەمی نەوتی خاو بووە لەژێر ڕۆشنایی بڕیارەكانی ئۆپێك پڵەس (+OPEC) بەشێوەیەكی دادپەروەرانە و بەو بڕەی لە كێڵگەكان بەرهەم هێندراوە، وەك ئاشكراشە بەرهەمی نەوتی خاو لە هەرێمی كوردستان ڕێژەكەی لە 10% تێپەڕ ناكات لەكۆی بەرهەمی گشتیی عێراق".

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسى له‌وه‌ش كردووه‌: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان هیچ لارییەکی لە كەمكردنەوەی بەرهەم نییە بەپێی ڕێژەیەكی دادپەروەرانە كە لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ ڕێككەوتنی لەسەر بكرێت بەرامبەر ئەوە حكوومەتی فیدراڵ بڕی شایستەی هەرێمی كوردستان دابین بكات لەو پارەیەی لە ئەنجامی ئەم كەمكردنەوەیە لەدەستی دەدات، بەپێچەوانەوە هەرێمى كوردستان ناتوانێت كاروباری خۆی بەڕێوە ببات و ناشتوانێت خەرجییە سەرەكیەكانی خۆی دابین بكات، لە سەرووی هەمووشیانەوە مووچەی فەرمانبەران، هەروەها بودجەی دابینكراو بۆ بەشێك لە قەرەبووی فەرمانبەران لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵەوە لە 450 ملیار بۆ 320 ملیار دینار مانگانە كەم كرایەوە، ئەمە جگە لە دابەزینی ئاستی داهاتی غەیرە نەوتی بەهۆی كاریگەرییەكانی پەتای كۆرۆنا و نەناردنی بەشەمووچەی فەرمانبەرانی هەرێمى كوردستان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە بۆ مانگی پێنج و شەش وحەوتی 2020".

د. جووتیار عادل ده‌شڵێت: "ئەم بارودۆخە پێویست بەوە دەكات حكوومەتی فیدراڵ ڕەچاوی قەیرانی سەختی دارایی هەرێمی كوردستان بكات كە لە شوباتی 2014وە پێیدا تێدەپەڕێت".

ڕوونیشى كردووه‌ته‌وه‌: "ئەوەی شیاوی باسە، لەم بارەیەوە لە ڕۆژی 18/4/2020 ڕێككەوتنێك لەنێوان حكوومەتی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كراوە، شاندی حكوومەتی فیدراڵەوە کە لە جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە – وەزیری نەوتەوە سەرۆكایەتی كرا و شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش لەلایەن وەزیری دارایی و ئابوورییەوە سەرۆكایەتی كرا، ئەم ڕێككەوتنە لە پرێس كۆنفرانسێكدا ڕاگەیەندرا و هەردوولاش دووپاتیان کردەوە كە پێویستە ڕەچاوی دادپەروەری بكرێت لە دەستنیشانكردنی رێژەی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە هەرێمی كوردستان و لەسەر بنەمای ڕێژەی كۆی بەرهەمی نەوتی خاوی عێراقەوە بێت، هه‌روه‌ها نەبێتە هۆكارێك بۆ زیانی زیاتری ماددی بۆ هەرێمی كوردستان".