كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ڕێکارەکانی دەستپێکردنی سێ وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر دەكەونە واری جێبەجێکردنەوە

 

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، کارەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی سێ وێستگەی کارەبای وزەی خۆر دراوەتە تەندەرین و دوای دەرچوونیان بۆ کۆمپانیا، دەکەونە واری جێبەجێکردن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 22/10/2020، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند:" تا ئێستا ئەو بڕە کارەبایەی لە ھەرێمی کوردستان بەرھەم دێت کارەبای وێستگەکانی سووتەمەنی و کارۆئاوییە و ھیچ پڕۆژەیەکی بەرھەمھێنانی کارەبای وزەی خۆرمان نییە".

گوتیشی:" وەک قۆناغی یەکەم و تاقیکردنەوە، دەمانەوێت سێ پڕۆژەی دانانی وێستگەی کارەبای وزەی خۆر لە ھەریەکە لە سنووری پارێزگای ھەولێرو دھۆک و سلێمانی دابنێین کە ھەریەکێكیان توانای بەرھەمھێنانی 25 مێگاوات کارەبای ھەیە".

گوتەبێژەكەی وەزارەتی كارەبا، ڕوونیشی کردەوە: "لە ئێستادا دامەزراندنی ئەو سێ وێستگەیە لە تەندەرینە و دوای دەرچوونیان بۆ کۆمپانیا، بە پێی مەرج و ڕێنوێنی دیاریکراوەوە، دەکەونە واری جێبەجێکردنەوە".

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کە دانانی وێستگەی کارەبای وزەی خۆر لەلایەن ھاووڵاتییانەوە حاڵەتەو ژمارەیەکی کەمە، بۆیە تا ئێستا ھیچ مەرج و ڕێنوێنییەک بۆ ھاوردەکردنی ئەو وێستگانە لە ئارادانییە.