كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان: ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەی سەرژمێری نەوەستاون

سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، وێڕای دواخستنی پڕۆسەی سەرژمێریی دانیشتووانی عێراق و ھەرێمی کوردستان، بەڵام هێشتا ئامادەکارییەکانی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە هەر بەردەوامن و ڕانەوەستاون.

سیروان محەمەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بڕیار بوو ئەم مانگە (تشرینی یەکەم) پڕۆسەی سەرژمێریی دانیشتووانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت، بەڵام بەھۆی قەیرانی دارایی و پەتای کۆرۆناوە، پڕۆسەکە دوا خراوە بۆ کۆتایی ساڵی ٢٠٢١".

گوتیشی: "بەڵام دواخستنی پرۆسەکە ئەوە وای نەکردووە کە ئێمە ئامادەکارییەکان بوەستێنین، بۆ ئەو مەبەستەش ئێستا سەرقاڵی دروستکردنی لیژنە پەیوەندیدارەکانین لەڕووی کارگێڕی و بەڕێوەچوون و دابینکردنی پێویستییەکان لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و لەسەر ئاستی پارێزگاکان".

لێدوانی سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان، دوای ئەوە دێت کە مانگی ڕابردوو بڕیاری دواخستنی پڕۆسەی سەرژمێری لە عێراق و هەرێمی کوردستان درا و داواش لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرا کە  بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی سەرژمێری عێراق و ھەرێمی کوردستان، پاڵپشتیی تەکنیکی و دارایی پێشکەش بە عێراق بکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 22-10-2020، زیا عەواد کازم، سەرۆکی دەزگای ناوەندیی ئامار لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە رۆژنامەی (سەباح)ی فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاندووە، ئێستا ژمارەی دانیشتووانی عێراق بە 39 ملیۆن کەس دەخەمڵێندرێت.

زیا عەواد راشی گەیاندووە، تا ساڵی 2025، پێشبینی دەکەن ژمارەی دانیشتووانی عێراق سێ ملیۆن زیاد ببێت و بگاتە 42 ملیۆن کەس.