سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵوێزی نۆروێژ لە عێراق کرد
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵوێزی نۆروێژ لە عێراق کرد

 

سەرۆك بارزانی لەگەڵ باڵوێزی نۆروێژ لە عێراق کۆبووە و بارودۆخی سیاسی و دوا پێشهاتەكانی عێراقیان تاوتوێکرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی10ی2020، سەرۆك بارزانی لە سەلاحەدین پێشوازی لە خاتوو تۆنی ئاڵێرز باڵوێزی نۆروێژ لە عێراق كرد و لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و دوا پێشهاتەكانی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا و باڵوێزی نەرویج لە عێراق هاوسۆزی و نیگەرانیی خۆی بۆ ڕووداوی پەلاماردانی بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند.

هەروەها باڵوێزی نۆروێژ وێڕای دەربڕینی پێزانین بۆ قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی تیرۆریستانی داعش پیرۆزباییشی لە ڕێككەوتنی ئاساییكردنەوەی بارودۆخی شنگال كرد كە لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵ بەستراوە و بە هەنگاوێكی ئیجابی لە قەڵەم دا.

باڵوێزی نۆروێژ ڕاشیگەیاند كە وڵاتەكەی بەشێكە لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و ڕۆڵی هەبووە لە مەشق و ڕاهێنانی پێشمەرگە و جەختی لە ویستی وڵاتەكەی كردەوە بۆ پەرەپێدانی هەماهەنگی و پەیوەندیی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان.

هەر لە كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی ڕۆڵی وڵاتی نۆروێژی كرد لە هاوپەیمانێتیی شەڕی دژی داعش و پێشوازیشی كرد لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا.

هەروەها سەرۆك بارزانی پەیوەست بە پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا ئەوەی خستەڕوو كە پەیوەندییەكان ئاراستەیەكی ئیجابیان وەرگرتووە و دەرفەت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە ئارادایە.

هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق و هەڕەشەكانی تیرۆر و بارودۆخی ئەمنیی عێراق و ڕووداوەكەی گوندی فەرحاتیە تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.