كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

دیکیۆمێنتاریی (ژیان لەسەر شەقام) لە فێستیڤاڵی فیلمی ساوپاولۆی بەرازیل نمایش دەکرێت

 فیلمی دیکیۆمێنتاریی (ژیان لەسەر شەقام) لە بەرهەمهێنانی "بەهمەن قوبادی" و لە دەرهێنانی منداڵانی کۆبانێ و شنگال لە بەشی پێشبڕکێی "دەرهێنەرە نوێیەکان" لە چل و چوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ساوپاولۆ" نمایش دەکرێت.

لە دوای سەرکەوتنی فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لەسەر سنوور" Life on the Border و بەشداریی ئەو فیلمە لە فێستیڤاڵە گرنگەکانی جیهانی وەك بەڕڵینالە و فێستیڤاڵەكانی دیكە و نمایشكردنی لە وڵاتانی دنیا، کۆمپانیای سینەمایی "مژ فیلم" بە سەرپەرشتیی سینەماکار بەهمەن قوبادی، فیلمی دیکیۆمێنتاریی "ژیان لەسەر شەقام" لە دەرهێنانی منداڵانی توشبووی جەنگ لە کەمپی ئاوارەکانی کۆبانێ و شنگاڵ لە هەرێمی کوردستان کە خۆشیان تێیدا تێیدا ڕۆڵیان بینیوە، چەندین سەرکەوتنی لە ئاستی نێودەوڵەتی بەدەست هێناوە.

بۆ بەرهەمهێنانی فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لەسەر سنوور" لە ساڵی 2015 پۆلەکانی فێرکاریی فیلمسازیی بۆ منداڵانی توشبووی جەنگی کۆبانێ و شنگاڵ بەڕێوە چوو و بۆ ماوەی دوو مانگ، لە لایەن ڕاوێژکاران و گرووپی دەرهێنان پەروەردە کران و پاشان لە نێوانیاندا هەشت کەس هەڵبژێردران و بە ناونیشانی دەرهێنەرە بچکۆلەکان، دەرهێنانیان بۆ ئەم بەرهەمە دیکۆمێنتارییانە کرد کە لە فیستیڤاڵە گرینگەکانی فیلم لە ئاستی جیهاندا لە لایەن بینەران و ڕخنەگرانی سینەماییەوە پێشوازیی لێ کرا و لە درێژەی سەرکەتنەوکانی ئەم فیلمەشدا لە ساڵی 2019، فیلمی چوار ئێپیزۆدی "ژیان لەسەر شەقام" لە دەرهێنانی چوار منداڵی دیکەی پەرەوەردەکراو ساز کرا.

فیلمی چوار ئێپیزۆدی "ژیان لەسەر شەقام" لە بەرهەمهێنانی سینەماکاری بە ئەزموونی کورد "بەهمەن قوبادی" و لە دەرهێنانی منداڵانی کۆبانێ و شنگال، لەوانە: ئێپیزۆدی "ئێستا بۆ کوێی دەچێن؟" Where do we go now? لە دەرهێنانی "ئیخلاس حەیدەر سامۆبۆد" Ekhlas Heydar Samubud و بە ڕاوێژکاریی "میلاد فەیزوڵڵا بەیگی"، ئێپیزۆدی "ئێمە دیسانەوە سازی دەکەینەوە" We'll make it again لە دەرهێنانی "سیدرا رێزوان" Sidra Rezwan و بە ڕاوێژکاریی "سۆران ئیبراهیم"، ئێپیزۆدی "گەڕانەوە" The Return لە دەرهێنانی "سالوا سلێمان سیدۆ" Salwa Soleiman Sedo و بە ڕاوێژکاریی "محەمەد تەوریوەریان" و هەروەها ئێپیزۆدی "ژیان درێژەی هەیە" Life Goes On لە دەرهێنانی "عەدنان فارۆق" Adnan Faroq و بە ڕاوێژکاریی "سۆران ئیبراهیم"، لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی "دەرهێنەرە نوێیەکان" لە چل و چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ساوپاولۆ" São Paulo لە وڵاتی بەرازیل نمایش دەکرێت.

ستافی ئامادەکردنی فیلمی چوار ئێپیزۆدی "ژیان لەسەر شەقام" بریتین لە:

بەرهەمهێنان و ئامادەکردن: گوڵڕیز ئیحتیاتی، مونتاژ: ئیحسان واسقی، دەنگدانەر: حوسێن قوورچیان، گرووپی بەرهەم: میلاد فەیزوڵڵا بەیگی و عاتیفە ئەسڵانی، ستافی ئێپیزۆدی "ئێمە دیسانەوە سازی دەکەینەوە"؛ وێنەگر: سۆران ئیبراهیم، دەنگهەڵگر: ڕێکەوت خالید، ئەکتەرەکان: سیدرا رێزوان و چیا ئەحمەدی، ستافی ئێپیزۆدی "گەڕانەوە"؛ وێنەگر: محەمەد تەوریوەریان و سالوا ئلێمان سیدۆ، یاردەدەری وێنەگر: نیما محەمەدپوور، ئەکتەرەکان: هازم خوداداد، نەزیر خوداداد، سۆنیا سلێمان سیدۆ، یاس خالید، خوداداد ئەسغەر، ستافی ئێپیزۆدی "ژیان درێژەی هەیە"؛ وێنەگر: سۆران ئیبراهیم و عەدنان فارۆق، مۆنتاژ: سۆران ئیبراهیم، ئەکتەرەکان: ڕووناک مستەفا، عومەر ساڵح، حەموودە محەمەد، سیلوا شێخۆ، دڵوا شێخ، شیرین شێخۆ قادر و مدلین شێخۆ، بەڕێوەبەریی ڕاگەیاندنی گشتیی: مەنسوور جیهانی، بەرهەمی: ڕۆژئاوا و هەرێمی کوردستان.

چل و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سائۆپائۆلۆ" بە نمایشی 198 فیلم لە دەرهێنەرانی 71 وڵاتی جیهان، لە بەشە جۆراوجۆرەکانی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی "ئاسۆی نێودەوڵەتی"، بەشی پێشبڕکێی "دەرهێنەرە نوێیەکان"، بەشی "بەرازیل"، بەشی "خەڵاتەکان"، بەشی "مافی مرۆڤ" و بەشی "کەمپەینەکان" لە ڕۆژانی 22ی ئۆکتۆبەر تا 4ی نۆڤەمبەری 2020 بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کوشندەی کۆرۆنا بۆ یەکەمین جار، بە شێوەی ئۆنلاین لە شاری ساوپاولۆ لە بەرازیل بەڕێوە دەچێت.