كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە کوشتنی هەشت هاووڵاتییەکەی سەڵاحەدین بڵاو دەکرێتەوە

ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە رووداوی کوشتنی هەشت هاووڵاتیی عێراقی لە پارێزگای سەڵاحەدین، بڵاو دەکرێتەوە.

رۆژی شەممە 17-10-2020، ژمارەیەک چەکدار هەشت هاووڵاتیی عێراقییان لە ناوچەی فەرحاتییە لە شارۆچکەی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەدین، گوللەباران کرد.

دوای رووداوەکە، ژمارەیەک نوێنەری سەڵاحەدین لە پەرلەمانی عێراق چەکدارانی سەر بە حەشدی شەعبییان بە گوللەبارانکردنی ئەو هاووڵاتییانە تاوانبار کرد و داوایان لە دەستەی ئەو میلیشیایانە کرد، خۆی لەو گرووپە چەکدارییە بێبەری بکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 21-10-2020، بەدر زیادی، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، بە رۆژنامەی (سەباح)ی فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاندووە، کە دوو لێژنە، کە یەکێکیان لە پەرلەمانتاران و ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی پێک هاتووە، لێکۆڵینەوەیان لەو کارەساتە کردووە.

بەدر زیادی هەروەها رایگەیاندووە، کە لێژنەیەکیش لەلایەن مستەفا کازمیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان پێکهاتووە و گەیشتووەتە سەرەداوی ئاشکراکردنی رووداوەکە و ”لە دوو رۆژی داهاتووشدا ئەنجامی لێکۆڵینەوەی لێژنە، بڵاو دەکرێتەوە“.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لێژنەکەی پەرلەمان لایەنی کەمتەرخەمی دیاری کردووە و راپۆرتی خۆی دەنێرێتە سەرۆکایەتیی پەرلەما، بۆ ئەوەی لەوێش وەک رێنوێنی بدرێتە مستەفا کازمی.