ڕەیان نەجم: ئەرکی هونەرمەند گواستنەوەی سەردەمەکەی خۆیەتی بۆ نەوەی داهاتوو
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ڕەیان نەجم: ئەرکی هونەرمەند گواستنەوەی سەردەمەکەی خۆیەتی بۆ نەوەی داهاتوو

ڕەیان نەجم خانمە هونەرمەندێکی شێوەکاری دانیشتووی شاری سلێمانییە و لە چەندین پێشانگای هونەری شێوەکاریدا بەشداری کردووە، ئەو خاتوونە هونەرمەندە پێیوایە کە ئەرکی هونەرمەند گواستنەوەی سەردەمەکەی خۆیەتی بۆ نەوەی داهاتوو.

ڕەیان بۆ (باسنیوز) گوتی: "لە ناو خێزانەکەم تەنیا من خەریکی کاری هونەریم تابلۆم دەکێشا و بەشداری پێشانگای هونەریم دەکرد، بۆیە لە سەرەتادا کاری هونەری ئاسان نەبوو بۆم، بەڵام کاتێک ڕوو دەکەیتە ئەکادیمیا جۆرێکی دیکە دەبێت، ئەو کات هونەر تەنیا لە چوارچێوەی بەهرە و خولیا نامێنیتەوە، بەڵکو ئەرکی دیکەش زیاد دەکات بۆ نمونە بۆ کارکردن لەسەر پڕۆژەیەک یان بیرۆکەیەک لەوانەیە پێویست بە گەڕانێکی زۆر بکات یان وا بخوازێت بگەرێتەوە بۆ پەڕاوە مێژووییەکان و کۆمەڵێک بابەتی دیکە ئەگەر پێویست بکات".
ڕەیان پێیوایە کە "چەند پێویستە لایەنی پڕاکتیکی بۆ هونەرمەند بە‌هێز بێت، بە هەمان شێوە گرنگە دیوی زانیاریشی بە‌هێز بێت بە تایبەت ئێستا کە بە هۆی ئینتەرنێت و ئەو کرانەوەیە بە ڕووی جیهان پێویستە هونەرمەند ئاگاداری مێژوو و ڕووداو و بابەتەکانی دیکەی ناوخۆ و دەرەوەش بێت".

گوتیشی: "لە ئەکادیمیا خوێندکار ڕێچکەکانی پیشان دەدرێت، لە تیۆری و پراکتیکیش یارمەتی دەدرێت ئەوە هۆکارێکە کە پێویستە هونەر ئەکادیمی بێت جگە لەوەی وزەیەکی وەها هەبێت بۆ کارکردن کە پێی دەڵێن (بەهرە)، ئێستا خوێندکاری قۆناغی چواری گرافیک دیزاینم لە کۆلێژی هونەرە جوانەکان بەشی شێوەکاری، بەشی شێوەکاری بە چەند قۆناغێک تێپەربووم تا ئەو کاتەی لە زانکۆ بووم بە خوێندکار ، پێش زانکۆ لەبەر چەند هۆکارێک نەمتوانی بە بەردەوامی کار بکەم ".

ڕەیان دەشڵێ: "ئەرکی هونەرمەند گواستنەوەی سەردەمەکەی خۆیەتی بۆ نەوەی داهاتوو تری، کەواتە لێرەدا کاری هونەری پەیوەندیەکی ڕاستەوانەی هەیە لەگەڵ بارودۆخی سەردەمەکەی کە کارەکەی تێدا بەرهەم هاتووە، ئەوە بۆ من بابەتێکی گرنگە و بەو جۆرە بیری لێ دەکەمەوە بۆ نمونە ماوەیەک بە پێویستم زانیوە لەسەر پرسی جێندەر کار بکەم، یان ئەم ماوەیە کە نەخۆشیەک هەموو جیهانی گرتۆتەوە ئەو دۆخە وایکرد کاری لەسەر بکەم و لە داهاتوودا پرۆژەی ترم هەبێت لەسەری و کۆمەڵێک بابەتی تر".