كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئەمڕۆ 33یەمین ساڵیادی كۆچی دوایی هونەرمەند تاهیر تۆفیقە

لە ڕێوڕەسمێکدا لە هەولێر یادی دەکرێتەوە

تاهیر تۆفیق، كە نازناوی هونەرمەندی گەلی پێ بەخشراوە، لە ساڵی 1922 لە شاری كۆیە لەدایك بووە، تاكوو پۆلی سێیەمی ناوەندی خوێندووە و دواتر بەهۆی بارودۆخی ئەوكاتەوە واز لە خوێندن دەهێنێت، لە ساڵی 1945 وەك گۆرانیبێژ دەركەوتووە و بەشداریی  و چەند مەڕاسیمێكی نەتەوەیی كردووە و گۆرانی و سروودی گوتووە و ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕیوڕەسمێکدا لە هەولێر یادی دەکرێتەوە.

هەر لەو ساڵەدا چووەتە بەغداد و مەقامی (هەر لە گوڵێ) و گۆرانی بەناوبانگی (كراس زەردێ) تۆمار كردووە، هەروەها خاوەنی چەندین مەقام و گۆرانیی بەناوبانگە، شیرین بەهارە، یەكێكە لە مەقامە بەناوبانگەكانی كە تاكوو ئێستاش چەندین گۆرانیبێژ لە ئاهەنگ و بۆنە و مەڕاسیمەكاندا دەیڵێنەوە.

شیعری چەندین شاعیری بەناوبانگی كردووەتە گۆرانی لەوان مامۆستایانە (هێمن، هەژار، گۆران، سافی هیرانی، حاجی قادری كۆیی، وەفایی، بەختیار زێوەر، بێكەس، دڵدار و هتد..).

تاهیر تۆفیق، بە یەكێك لە هونەرمەندە بە ئەزموونەكانی كورد دادەنرێت و خاوەنی چەندین گۆرانیی بەناوبانگە، تاكوو ئێستاش بەشێك لە گۆرانیبێژە كۆن و نوێیەكان گۆرانییەكانی ئەو بە میوزیكێكی نوێ بڵاو دەكەنەوە.

ئەو سەردەمەی كە ئەو هونەرمەندە تێیدا ژیاوە، خەڵكی كۆیە بە خاڵە تاهیر بانگیان كردووە، لە ساڵی 1987 لە تەمەنی 65 ساڵیدا لە كۆیە كۆچی دوایی كردووە و لە گۆڕستانی غەریبان نێژراوە.

ئەمڕۆ سێشەممە بە یادی هونەرمەندی گەورەی كورد تایەر تۆفیق، لە لایەن بەرێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری و هونەریی هەولێر و بە سەرپەرشتیی بەشی کەلەپوور و ھونەرە میللییەکان و بەشی ھونەرەکانی موزیک ڕێورەسمێكی تایبەت بۆ ساڵیادی ئەو هونەرمەندە مەزنە لە شاری هەولێر گەلەری مۆزە و كەلەپوور بەڕێوە دەچێت.