ئەمڕۆ سێیەمین ساڵیادی داستانی مەزنی پردێیە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئەمڕۆ سێیەمین ساڵیادی داستانی مەزنی پردێیە

ئەمڕۆ سێشەممە 20/10/2020، سێیەمین ساڵیادی داستانی مەزنی پردێیە كە دوای ئەوەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كەركووكیان لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 داگیر كرد ویستیان بەرەو هەولێر پێشڕەوی بکەن، بەڵام بە فەرمانی سەرۆك بارزانی، هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە پردێ ڕێگەی لە میلیشیاكان گرت و نەیانهێشت پێشڕەوی بكەن و داستانی مەزنی پردێیان تۆمار کرد.

لەمبارەوە، حیكمەت محەمەد، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لە داستانی پردێدا ئەو ئومێدەی كە كورد هەیبوو جارێكی تر بۆی گەڕایەوە، چونكە بەداخەوە ئەوەش دوای ئەوە هات كە حەشدی شەعبی كەركووك و ناوچەكانی تری داگیر كردبوو، دواتر لە پردێ پێشمەرگە بە ڕاستی توانی هیوا بگەڕێنێتەوە و پێشمەرگە هەمیشە جێگای ئومێدی گەلی كورد بووە، چونكە هەر ئەوانن خەڵكی كوردستان دەپارێزن، پێشمەرگە داستانێكی قارەمانانەی لە پردێ تۆمار كرد كە جێگەی خۆیەتی هەمیشە شەهیدە پێشمەرگەكانیش بە بیر بهێنینەوە".

ئەو ئەندامەی لیژنەی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش دا: "ئەگەر پێشمەرگە لە پردێ و سحێلا، رێگرییان لە هێزە میلیشیاكان نەكردایە، ئەوا ئەوان نیازیان وابوو دهۆك و هەولێر و هەموو هەرێمی كوردستان داگیر بكەن، بەڵام پێشمەرگە خۆڕاگر بوون و بەرپەرچی ئەوانیان دایەوە و رێگرییان لە پێشڕەویەكانیان گرت، هەرگیز بەرخودان و قارەمانتێتی پێشمەرگە لەبیر ناكرێت".

دوای خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی شاری کەرکووک و زۆربەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانیان داگیر کرد.

رۆژی 20ـی ئۆکتۆبەر، حەشدی شەعبی بە پاڵپشتیی هێز و میلیشیاکانی عێراق، هەوڵی دا هێرش بکاتە سەر هەولێر، بەمەبەستی داگیرکردنی ئەو شارە و نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.

بەڵام بە فەرمانی سەرۆک بارزانی، کە چاوەدێریی شەڕەکەی دەکرد، هێزی پێشمەرگە لە پردێ پێشی بە دوژمنی گرت و هێرشەكانی میلیشیاكانی تێك شكاند و بۆ ماوەی چەند رۆژێك شەڕ لە پردێ بەردەوام بوو تا بە خوێنی ژمارەیەك شەهیدی پێشمەرگە، توانرا ئازایەتی پێشمەرگە پیشان بدرێت و نەیارانی كوردستان ناچار بە پاشەكشێ بكرێن و داستانی مەزنی پردی بووە جێگەی هیوا و پاراستنی خاک و قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان.

لەو شەڕانەدا، کە دواتر بە داستانی پردێ ناسرا، پێشمەرگە توانی تانکی ئەبرامزی ئەمریکی، کە بەهێزترین تانکی جیهانە و حەشدی شەعبی بەهۆیەوە هێرشی کردە سەر هەرێمی کوردستان، تێک بشکێنێت و بەمەش ورەی چەکدارانی حەشدی شەعبی بە تەواوی ڕووخا و بە ناچاری پیلانەکانیان لە دژی هەرێمی کوردستان، راگرت و تۆماکردنی داستانی پردی ئومێدی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان گەڕاندەوە و خاک و قەوارەی هەرێمی کوردستانی پاراست.