كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

بە هۆی بڕیارێکی حکوومەتی عێراقەوە بەشێک لە زێڕنگەران واز لە پیشەکەیان دەهێنن

لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی دوو ھەزار زێڕنگەر هەن

گوتەبێژی سەندیکای زێڕنگەرانی کوردستان ڕایگەیاند نزیکەی دوو ھەزار کەس لە ھەرێمی کوردستان سەرقاڵی پیشەی زێڕنگەریین و لە سنووری پارێزگای ھەولێر تەنیا یەک ئافرەتی زێڕنگەر هەیە.

ھەندرێن وەرتی، گوتەبێژی سەندیکای زێڕنگرانی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: " لە ھەرێمی کوردستان بە پارێزگای کەرکووکیشەوە ( ١٩٥٠ ) کەس سەرقاڵی پیشەی زێڕنگەرین و بەپێی بەدواداچوونەکانیشمان کە بۆ ئەو ژمارەیە لە سنووری پارێزگای ھەولێر کردوومانە،تەنیا یەک ئافرەت لە شاری ھەولێر لەگەڵ ھاوسەرەکەی سەرقاڵی پیشەی مامەڵەکردنەوە بە زێڕەوە".

گوتیشی: "بڕیاری وەستانی ھاوردە و ھەناردەکردنی زێر لە فڕۆکەخانەکانی ھەرێمی کودستان کە لەلایەن بەغداوە دراوە چووەتە باری جێبەجێکردن و کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر بازرگانیی زێڕ دروستکردووە بە جۆرێک لە ماوەی بیست و شەش ساڵی ڕابردوو کەرتی زێڕ لە ھەرێمی کوردستان دۆخی وەها خراپی بە خۆیەوە نەبینیوە کە کاریگەری لەسەر بازرگان و پیشەوەری زێڕ و تەنانەت ھاووڵاتییانیش ھەیە، بە جۆرێک ژمارەیەکی زۆر زێڕنگەر زەرەرمەند بوونە و ھەندێکیشیان وازیان لە پیشەکە ھێناوە".

ھەندرێن وەرتی ئاشکراشی کرد کە داوای چارەسەرکردنی گرفتەیان لە پەرلەمانتارە کوردەکانەوە گەیاندووەتە حکوومەتی بەغدا، هەروەها لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیشیان لە کاریگەری نەرێنیی ئەو بابەتە ئاگادار کردووەتەوە.