كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئاماری ئەو كۆمپانیا بیانیانەی لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن دەخرێتە ڕوو

 

زۆرترین ئەو كۆمپانیایانەی لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن توركی و ئێرانین، بەرپرسێكی وەزارەتی بازرگانیش زانیاری لەبارەی كۆمپانیاكان دەدات.

بە پێی ئامارێکی وەزارتی بازرگانی هەرێمی كوردستان کە بە (باسنیوز) گەیشتووە، لەگەڵ ئەوەی كە ژمارەی كۆمپانیا ئێرانی و توركییەكانی هەرێمی كوردستان بە بەراوردی دروستبوونی قەیرانی دارایی بەرەو كەمبوونەوە چووە، بەڵام تاكو ئێستا تۆماركردنی كۆمپانیاكانی توركیا و ئێران بۆ وەبەرهێنان بەردەوامە.

بەپێی ئامارەکە: “پێش قەیرانی دارایی 400 كۆمپانیای ئێرانی و 1200 كۆمپانیای توركی لە هەرێمی كوردستان كاریان دەكرد، كە پشكی شێری كۆمپانیاكان دابەش بوون بەسەر پارێزگای هەولێر بە ڕێژەی دووەمیش سلێمانی دواتریش دهۆك”.

تاوەكوو ئێستادا 1100 كۆمپانیای توركی و 420 كۆمپانیای ئێرانی لە هەرێمی كوردستان هەیە، كە بە ڕێژەی لە 45%ی كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان توركین و لە 11%یان ئێرانین، لەو ڕێژەیەش لە پارێزگای هەولێر 850 كۆمپانیای توركی و 150ی ئێرانی هەیە، لە پارێزگای دهۆك 150 كۆمپانیای توركی و 20 كۆمپانیای ئێرانی كار دەكەن، لە پارێزگای سلێمانییش 350 كۆمپانیای ئێرانی و 100 توركی هەیە”.

بەپێی ریزبەندی کۆمپانیا بیانیەکان بێت، لە کوردستان تورکییەکان یەکەم، ئێرانییەکان دووەم، لوبنانییەکان سێیەم و کۆمپانیا ئەورووپیەکانیش پێنجەمن.

فەتحی محەمەد، گوتەبێژی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "لە ھەرێمی كوردستان زیاتر لە سێ ھەزار و كۆمپانیای بیانی ھەن، كۆمپانیاكانی توركیا و ئێرانیش بەشی شێری بوونی كۆمپانیا بیانییەكانیان بەردەكەوێت".

گوتەبێژی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی گوتیشی: "نزیكەی 100 كۆمپانیای ئەمریكیش لە ھەرێمی كوردستان كار دەكەن و بەشێكیان لە كەرتەكانی نەوت و ئەوانی دیكەش لە ھاوردەكردن و خزمەتگوزاریی گشتی رۆڵیان ھەیە، هەروەها كۆمپانیای عەرەبی و ئەوروپیش لێرە كاردەكەن و مۆڵەتیان هەیە" .

یەکەم کۆمپانیای خۆماڵی لە هەرێمی کوردستان ساڵی 1995 دامەزراوە، لە ساڵی 2000یش یەکەم کۆمپانیای بیانی کە کۆمپانیایەکی تورکی بوو لە هەرێمی كوردستان مۆڵەتی وەرگرتووە.