وەزارەتى کارەبا: 850 مێگاوات کارەبا بە تۆڕى نیشتمانى زیاد کراوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

وەزارەتى کارەبا: 850 مێگاوات کارەبا بە تۆڕى نیشتمانى زیاد کراوە

گوتەبێژى وەزارەتى کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند بەهۆى ئەو چاکسازییانەى لە کەرتى کارەبا ئەنجامیان داوە، تواندراوە بڕى 850 مێگاوات کارەبا بۆ تۆڕى کارەباى نیشتمانى زیاد بکەن و بەمەش کاتژمێرەکانى پێدانى کارەبا زیادیان کردووە.

ئەندازیار ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە (باسنیوز)ى راگەیاند: "بەهۆى ئەو چاکسازییانەى کە لە ماوەى یەک ساڵى ڕابردوودا وەزارەت لە بوارەکانى گۆڕینى سیستەمى بەرهەمهێنانى کارەبا و بڕینى سەرپێچییەکانى سەر تۆڕى کارەبا ئەنجامیان داوە، تواندراوە بڕى 850 مێگاوات کارەبا بۆ سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی زیاد بکرێت".

راشی گەیاند: "گۆڕینى سیستەمى بەرهەمهێنانى کارەبا لە گازوایلەوە بۆ غاز وای کرد بڕى 500 مێگاوات کارەبا زیاد بکات و خەرجى بەهەمهێنانیش بە رێژەیەکى زۆر دابەزێت، جگە لە مەش وێستگەى هەڵمیى خەباتیش تواناى بەرهەمهێنانى 350 مێگاوات کارەباى هەیە کە بە نەوتى رەش کار دەکات، بەمەش کۆى گشتیى کارەباى زیادکراو گەیشتووەتە 850 میگاوات".

گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى ئاماژەى بەوەش کرد: "بڕینى هەزاران سەرپێچىی سەر تۆڕەکانی کارەباى نیشتمانى هۆکار بوون بۆ زیادکردنى بڕى کارەباى بەرهەمهاتوو، کە ئێستا دەگاتە سێ هەزار و 800 مێگاوات، ئەم هەوڵانەى وەزارەت وایان کرد پێدانى کارەباى نیشتمانى بە هاوبەشانى ماڵان بگاتە 22 کاتژمێر لە رۆژێکدا، لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ زیادکردنى کاتژمێرەکانى پێدانى کارەبا بە هاووڵاتیان".