کوردێک 70 جۆر کڵاو بە لباد دروست دەکات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

کوردێک 70 جۆر کڵاو بە لباد دروست دەکات

 

لباد یەکێکە لە کۆنترین بەرهەمە دەستییەکانی کوردستان، کە مێژووییەکی دە هەزار ساڵەی هەیە. پسپۆران پێیان وایە؛ مێژووی دروستکردنی لباد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە مێژووی زۆر لە شوێنەوارەکانی کۆنترە و دانیشتوانی داوێنی زنجیرە چیای زاگرۆس، هاوکات لەگەڵ مەڕداری و شوانکارەیی، ماڵەکانیان بە لباد رازاندووەتەوە.

چەندین ساڵ بەر لە ئێستا شاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی دروستکردنی لباد بوو، بەڵام ئێستا سەرجەم ئەو کارگانە داخراون و تەنیا یەک لبادماڵ (کەسێک، کە لباد دروست دەکات) ماوە.

میهرانی نەجەفیان، زیاتر لە 45 ساڵە لبادماڵە و لەم پیشەیەدا چەندین بەرهەمی ناوازەی دیکەی رەوانەی بازاڕ کردووە، وەک کڵاو، شاڵ، زینی ئەسپ و ئێلەگ.

ئەم وەستاکارە لەبارەی بەرهەمەکانی بە (باس) دەڵێت: "لە جیهاندا تەنیا حەوت جۆر کڵاو هەبوو، کە لە لباد دروست کرابن، بەڵام من تائێستا زیاتر لە 70 جۆر کڵاوم لە لباد دروست کردووە، کە بەشێکیان ئەو کڵاوانە بوون، هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا باوانی کورد لەسەریان ناوە."

میهران نەجەفیان پێی وایە: "لبادی کوردی وەک مافوور و گڵێمی کوردی لەلایەن گەشتیارانەوە خواستی زۆری لەسەرە و دەتوانین وەک بەرهەمێکی کوردیی رەوانەی بازاڕەکانی جیهانی بکەین. "زیاتریش دەڵێت: "لە باوکمەوە فێری ئەم پیشەیە بووم و ناتوانم دەستەبەرداری بم، ئەگەرچی کارێکی سەختە، بەڵام توانیومە چەندین گۆڕانکاری و نەخشی تازە لەسەر لبادی کوردی دروست بکەم و ئەگەر من دەستەبەرداری لبادماڵی بم، ئیتر ئەم پیشەیە لە کرماشان لەناو دەچێت".

ئەم لبادماڵە، هیوادارە لبادی کوردی وەک جاران گرنگیی پێبدرێ و ئامادەیە، خۆبەخشانە هەر کەسێک بیەوێ ببێتە لبادماڵ، فێری دروستکردنی لبادی بکات و کارگەی بۆ دابمەزرێنێت.