كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

بەندکراوێكی سیاسیی کورد لە بەردەم دادوەردا ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا

 

بەندکراوێکی سیاسیی کورد، کە لە چەند هەفتەی رابردوودا دوو جار مانی لە خواردن گرتبوو، لە هۆڵی بەندیخانەی ورمێ ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە.

ڕێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاوی كردەوە، كە ئەمڕۆ یەكشەممە 18/10/2020، عادل موکەڕەم، بەندکراوی سیاسیی ڕاگیراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ لە پێش چاوی دادوەری چاودێر و جێگری بەرپرسی بەندیخانەی ورمێ، بەو هۆیەوەی بەرپرسانی بەندیخانە بەڵێنەكانی خۆیان دوای مانگرتنی نەبردووەتە سەر، ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی کە عادل موکەڕەم بەبێ ئەوەی چارەسەری پزیشکی بۆ بکرێت بە فەرمانی بەرپرسانی بەندیخانە بۆ ژووری تاکەکەسی گوازراوەتەوە.

ئەو زیندانییە، بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر فەرمانگی زیندانیكردنی بۆ ماوەی 10 مانگ، رۆژی 4/10/2020 لێوەكانی درووییەوە و مانی لە خواردن گرتبوو، بەرپرسانی بەندیخانەكە بەڵێنیان دابوو داواكارییەكانی جێبەجێ بكرێ و ئەویش بەو مەرجە مانگرتنەكەی شكاندبوو، بەڵام دوای نەبردنەسەری بەڵێنەكان، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.

هۆی دەستبەسەركردنی، بە تۆمەتی ”ئەندامیەتی لە حیزبێکی کوردستانی و چوونە دەرەوەی نایاسایی لە وڵات“ـە، كە پێشتر ئەندامی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و سەرەتای هاوینی 2019 چووەتە تورکیا و داوای پەنابەری کردبوو، بەڵام دواتر دیپۆرتی ئێران كراوەتەوە و زیندانی كراوە.