سەرکردەیەکی گۆڕان: پێویستە مستەفا کازمی سزای توندی ئەوانە بدات کە ئاڵای کوردستان و بارەگای پارتییان سووتاندووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سەرکردەیەکی گۆڕان: پێویستە مستەفا کازمی سزای توندی ئەوانە بدات کە ئاڵای کوردستان و بارەگای پارتییان سووتاندووە

 "دەستدرێژیکردن بۆ سەر ئاڵای كوردستان ھەڵەیەکی گەورەیە و جێگەی قبوڵ نییە"

بەرپرسی ڕایەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، سووتاندنی بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئاڵای کوردستان لە بەغدا لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبییەوە بە "تاوانێکی گەورە" و سووکایەتیکردن بە ھاووڵاتیانی کوردستان دادەنێ.

ئەمڕۆ یەكشەممە 18/10/2020، شێخ کامیل نووری، بەرپرسی ڕایەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، سووتاندنی بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئاڵای کوردستان لە بەغدا لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبییەوە تاوانێکی گەورەیە و سووکایەتیکردنە بە ھاووڵاتیانی کوردستان، چونکە ئەو ئاڵایە ڕەمزی ھەموو گەلی کوردە و دەستدرێژیکردن بۆ سەر ئاڵای وڵاتەکەمان، ھەڵەیەکی گەورەیە و جێگەی قبوڵ نییە.

گوتیشی، ڕەنگە سووتاندنی ئاڵای کوردستان، نەبێتە ھۆکاری تێکدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، چونکە خودی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەسەر سووتاندنی بارەگاکەی پارتی و ئاڵای کوردستان، ھەڵوێستی توندی ھەبووە.

ئاماژەی بەوەش كرد "ئەوەی دوێنێ لە بەغدا رووی دا، کە بووە ھۆی سووتاندنی ئاڵای کوردستان، پڕۆسەی دیموکراسی ناشیرین دەکات".

شێخ کامیل نووری  ئاماژەی بەوەش کرد، ھەرچەندە ئاڵای کوردستان، لەبەغدا سووتێنراوە و نیگەرانییەکی زۆری بەدوای خۆیدا ھێنا، گەلی کوردیش دەتوانێت وەکوو کاردانەوەیەک ئاڵای عێراق بسووتێنێت، "بەڵام کورد کارێکی قێزەونی لەو شێوەیە ناکات، باشترە خودی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، سزای توندی ئەو کەسانە بدات کە ئاڵای کوردستان و بارەگاکەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان سووتاندووە.