حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاوکاریی نۆ هەزار و 500 خێزانی کەمدەرامەتی چەمچەماڵ دەکات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاوکاریی نۆ هەزار و 500 خێزانی کەمدەرامەتی چەمچەماڵ دەکات

بڕیارە سبەینێ دووشەممە لە چوارچێوەی هاوكارییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا نۆ هەزار و 500 خێزانی كەمدەرامەتی سنووری قەزای چەمچەماڵ، وەک هاوکاری خۆراكیان بەسەردا دابەش بكرێت.

ڕەمەك ڕەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ، لەمبارەوە بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "لە ماوەی ڕابردوودا و بە هاوكاریی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی چەمچەماڵ و نووسینگەی مافی مرڤی چەمچەماڵ و ئەنجوومەنی گوند و ناحیەكان و گەڕەكەكانی قەزای چەمچەماڵ، لیستی ناوی 9 هەزار و 500 كەسی كەمدەرامەتمان بۆ وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ناردووە تاکوو بە دابەشکردنی خۆراک هاوكاری بکرێن."

گوتیشی: "ئێستا بڕە خۆراكی پێویست بۆ ئەو خێزانانە گەیشتووەتە چەمچەماڵ و  لە سبەینێ دووشەمەوە ئەو كەسانەی ناویان تۆمار كراوە، بۆ وەرگرتنی ئەو بڕە خۆراكەی بۆیان هاتووە، دەتوانن سەردانی بریكارەكانیان بكەن."  

قایقمامی چەمچەماڵ ئەوەشی خستە ڕووو: "ئەو بڕە خۆراكی كە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە دابین كراوە، بە شێوەی یەكسان بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەكرێت، هاوكات دەتوانین بڵێین ئەمساڵدا  23 هەزار و 500 پشكی خۆراك بۆ هاووڵاتییانی سنووری چەمچەماڵ دابین كراوە."

هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و داخرانی هەندێ کەرت و نەمانی دەرفەتی کار، زۆرێک لە خێزانە کەمدەرامەتەکان تووشی گرفت بوون، بۆیە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی پارێزگا و قەزا و ناحیە جیاجیاکان ناوی خیزانە کەمدەرامەتەکانیان تۆمار کرد و لە زۆر ناوچە لە ڕێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە هاوکاریی خۆراکیی ئەو بنەماڵانەیان کرد.