لاهوور جەنگی و براكانی بە ناوى یانەی نەورۆزەوە كاری بازرگانی دەكەن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

لاهوور جەنگی و براكانی بە ناوى یانەی نەورۆزەوە كاری بازرگانی دەكەن

لەم ڕێگەیەوە دەستیان بەسەر ڕووبەرێكی زۆری زەوییەكانی سنووری سلێمانیدا گرتووە

لە چەند رۆژی ڕابردوودا لاھوو جەنگی بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە گوایە بە بڕی ١٢ ملیۆن دۆلار، یاریگایەكی نێودەوڵەتی بۆ سلێمانی دروست دەكات، بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز)،لاهوور جەنگی و براكانی لە ڕێگەی بەكارهێنانی ناوی یانەی نەورۆزەوە، بازرگانی دەكەن و دەست بەسەر زەوی و زارێكی زۆردا دەگرن و دەیانكەن بە پڕۆژەی بازرگانی.

لە چەند رۆژی رابردوودا لاهوور جەنگی لە ڕێگەی میدیاكانیەوە بانگەشەی ئەوەی كرد كە گوایە یاریگایەكی نێودەوڵەتی بۆ سلێمانی دروست دەكات بە تێچووی ١٢ ملیۆن دۆلار، هەرچەندە ئەوكاتە حاكم شێخ لەتیف، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لەسەر پشكی پارێزگای سلێمانی پرسیاری ئەوەی كرد كە ئاخۆ لاهوور جەنگی ئەو ١٢ ملیۆن دۆلارەی لە كوێ هێناوە تاوەكوو یاریگای پێ دروست بكات و یانەی نەورۆز هی كێیە كە لاهوور جەنگی ئەو پارەیان بۆ خەرج دەكات؟ بەڵام هیچ كەسێك وەڵامی سەرچاوەی پارەكەی نەدایەوە.

بەپێی بەدواداچوونی (باسنیوز)، لاهوور جەنگی لەم ماوەیەدا لە ڕێگەی بەكارهێنانی ناوی یانەی نەورۆز و لەژێر ناوی دروستكردنی یاریگاوە، بازرگانی دەكات و دەست بەسەر زەوی و زارێكی زۆری موڵكی دەوڵەتدا دەگرێت لە ناوچەكانی سنووری سلێمانیدا كە بەشێكی زەوییەكان ئەمانەن:

 

- لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، لاهوور جەنگی و براكانی چەندین دۆنم زەوی کە بە ناوی یانەی نەورۆز وەرگیرابوو، لە لایەن ئاکۆی برای لاهوور جەنگییەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و ئامادەکاری دەكات پرۆژەی بازرگانی لەسەر دروست بکات.

- لە بەرامبەر پردی كۆبانێش لە شاری سلێمانی، زەوییەكی چەند دۆنمی کە بە هەمان شێوە موڵکی یانەی نەورۆز بووە، لە لایەن لاھوور جەنگی و براکانیەوە دەستی بەسەردا گیراوە و پێشتر وەھا پروپاگەندەیان کردبوو کە ئەو زەوییە موڵکی ھێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدە، بۆ ئەوەی کەسی دیکە نزیکی نەبێتەوە.

- زەویی پرۆژەی ئیمپایەر تاوەر كە موڵکی یانەی نەورۆزە و دراوەتە کەسێک بە ناوی والی، بە شەریکی لەگەل ئاکۆی برای لاھوور جەنگی کاری بارزگانی تێدا دەكرێت.

- لە نزیک پارکی دایک لە سلێمانی، ئەو زەوییەی کە تەلاری دایکی لەسەر دروستکراوە، موڵکی یانەی نەورۆزە و دراوەتە نەبەزی عەبدول قەشانی کە شەریکی پۆڵادی برای لاھوور جەنگییە و پێکەوە پرۆژەکەیان ئەنجام داوە.

- زەویی نەورۆز سیتی موڵکی یانەی نەورۆز بووە و دراوەتە عەبدوڵا شاڵی کە شەریکی ئاکۆی برای لاھوور جەنگییە و بە ھاوبەشی کردویانەتە پرۆژە.

- لە بەکرەجۆ و دۆڵە رووت، ڕووبەرێكی فراوانی زەوی لە لایەن لاھوور جەنگی و براکانیەوە بە ناوی دژە تیرۆر، دەستیان بەسەردا گیراوەو کراونەتە پارچە زەوی و دەیانفرۆشنەوە.

هەر بە گوێرەی بەدواداچوونەكانی (باسنیوز)، ھەموو ئەم کارە بازرگانییانەی کە لە ژێر ناوی یانەی نەورۆز دەکرێن، لە لایەن ئاکۆی برای لاھوور جەنگییەوە دەکرێن و ھێرشی زاوای جەمیل ھەورامی جێگریەتی، ئارام عومەری برای سۆران عومەریش کاری میدیاییان بۆ دەکات كە لە ھەمان کاتدا ئەفسەری دژە تیرۆری یەكێتییە كە لاهوور جەنگی سەرپەرشتی دەزگاكە دەكات.