خیانەت لە مێژووى كورددا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

خیانەت لە مێژووى كورددا


45


(شۆڕش ئەیلوول) بە یەكێك لەو شۆڕشانەی قۆناغی مێژووی هاوچەرخی كورد دادەنرێت، كە لە بەرەبەیانی (11ى ئەیلوولى 1961ز) بە ڕووی دەسەڵاتدارانی عێراق لە (بەغدا)ى پایتەختدا هەڵگیرسا. ئامانج لەو شۆڕشەش، پاراستنی مافی نەتەوەی كورد بوو لە عێراق و سنووردانان لەو ستەمانەی، دەسەڵاتدارانی عێراقی دەیانویست لە كوردی بكەن.

ئەم شۆڕشە یەكەمین پێكدادانی سەربازی بوو لەنێوان كورد و دەسەڵاتدارانی عێراق لە سەردەمی كۆماریدا. ئەو دەسەڵاتە نوێیەى عێراق، لە (14ى تەممووزی 1958ز) كۆتایی بە ڕژێمی پادشایەتی هێنا و سیستەمى سياسیى كۆماریی لە عێراق دامەزراند. بەهۆی ئەو دەستوورەیش، کە بۆ عێراق داندرا، كورد وەك هاوبەشی عەرەب لەو وڵاتە ديار كرا. ئەو مافەش لە بەندی سێیەمی دەستوورەكەدا جێگیر كرا. بەهۆی ئەو ڕووداوانەشەوە، (مستەفا بارزانی) وەك دیارترین سەركردەی كورد لە عێراق، دوای (یازدە) ساڵ ئاوارەیی لە (یەكێتیی سۆڤیەت)، لە (6ى تشرینى یەكەمى 1958ز)دا گەڕایەوە (بەغدا)ی پایتەختی عێراق. گەڕانەوەكەیشی سادە و ئاسایی نەبوو، بەڵكوو وەك (پاڵەوان و ڕێبەر و سەركردەیەكى نەتەوەیی كورد) پێشوازیى لێ كرا.

بەدوای ئەو پێشوازیكردنەیەدا، ورەیەكی تر درایەوە بەر كوردی ئەم بەشەی كوردستان لەلایەك و (پارتی دیموكراتی كوردستان) لەلایەكی دیكەوە. هۆكارەكەیش ئەوە بوو، تا ئەو دەمە وەك (سەرۆك) لە پارتەكەی دوور بوو. یەكێكیش لەو خاڵە گەشانەی ئەو بارودۆخە زەمینەیان بۆ ڕەخساند، ڕێگەدان بوو بە چاپەمەنى و ڕۆژنامە و گۆڤارە كوردییەكان، تا دەست بە كارى بڵاوكردنەوەى خۆیان بكەن. كاتێكیش (عەبدولكەریم قاسم) لە ساڵی (1960ز) بەدواوە ڕووی لە تاكڕەویی كرد و لە بنەما سەرەكییەكانی خۆی دوور كەوتەوە، بیر لە ڕێگەچارەی ئەو قەیرانە كرایەوە، بەڵام وتارێكی (ئیبراهیم ئەحمەد)ی سكرتێرى پارتـى دیموكراتى كوردستانى عێراق، لە (15ى تشرینی یەكەمى 1960ز) و لە سەروتاری (ڕۆژنامەی خەبات)ى زمانحاڵى (پارتی دیموكراتى كوردستان)، ململانێیەكانی نێوان حكوومەتی بەغدا و پارتی دیموكراتی كوردستانی قووڵتر كردەوە و چارەسەرەكانی گەیاندە بنبەست. هەر بۆیە، بەدوای ئەو وتارەدا، سەرجەم بارەگاكانى پارتى دیموكراتی كوردستان بە (ڕۆژنامەى خەبات)ى زمانحاڵى پارتییشەوە، داخران.

لەم سەروبەندەدا، تاكە كەسایەتییەك، كە بتوانێت باری ئەو ئاڵۆزییە سووك بكات، یان ڕابەڕایەتیی (پارتی دیموكراتی كوردستان) و جەماوەرەكەی بكات، (مستەفا بارزانى) بوو. ئەوەش دوای ئەوەی، سەردانی (بەغدا)ی كرد و بۆ چارسەركردنی كێشەكان زنجیرەیەك دیداری لەگەڵ بەرپرسە باڵاكانی عێراق ئەنجام دا، بەڵام هەموو هەوڵەكان گەیشتنە بنبەست و بێ ئەنجام بوون، بۆیە لە (2ى ئەیلوولى1961ز) بەغدای بەجێ هێشت و گەڕایەوە زێدی خۆی لە (بارزان). حكوومەتیش لە وەڵامدانەوەى ئەو هەڵوێستەى بارزانیدا، لە (9ى ئەیلوول) چەند ناوچەیەکى كوردستانى بۆردومان كرد. سەرئەنجامی ئەو ڕووداو و ململانێیانەش، زەمینەی (شۆڕشی ئەیلوول)یان ڕەخساند.

(شۆڕشى ئەیلوول) نزیكەی چواردە ساڵى خایاند. لەو ماوەیەشدا (چوار) دەسەڵاتدار و ڕژێمی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق دەسەڵاتیان كەوتە دەست، كە هەریەك لە (عەبدولكەریم قاسم، عەبدولسەلام عارف، عەبدولڕەحمان عارف، ئەحمەد حەسەن بەكر) بوون. لەو (چواردە) ساڵەشدا، چەندین ڕووبەڕووبوونەوەی چەكداری و دانوستان و كێشە ڕوویان دا. هەر لە شەڕى دەستەویەخە و قارەمانانەی پێشمەرگەكانی شۆڕشی ئەیلوول، تا بە پیلانی دەسەڵاتدارانی عێراق و پلان و نەخشە و گەیشتن بە ڕێكکەوتن دەگات، لەلایەن سەركردایەتیی شۆڕشى كوردەوە. لەو ماوەیەشدا سەرباری نەبەردیی هێزى پێشمەرگەى كوردستان، (مستەفا بارزانی)ش وەك سەركردەی شۆڕشەكە، توانیی زۆربەی هەر زۆری سەرۆك و بەرپرسانی دەوڵەتى عێراق بهێنێتە ناوچە ئازادكراوەكانی كوردستان بۆ گفتوگۆ و ناچاریان بكات بە دانوستان. ئەو ڕووداوانەش، ڕێكکەوتننامەی (11ى ئاداری 1970ز) لێ كەوتەوە. بەڵام سەرباری ئەوانەش، دابەشبوونی ڕیزەكانی شۆڕش بۆ (دوو) بەرەی دژ بە یەك، كێشەی بۆ شۆڕشەكە و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردی دروست كرد. سەرهەڵدانی ئەو پەرتبوونەش، بە جیابوونەوەی باڵی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان دوایی هات لە ساڵی (1963ز) لە سەركردەی شۆڕشەكە (مستەفا بارزانى). بەو ڕووداوەش (پارتی دیموكراتی كوردستان) بۆ (دوو) باڵی دژ بە یەك دابەش بوو. باڵی سەركردایەتی، كە (مستەفا بارزانی) سەرۆكایەتیی دەكرد، باڵی (مەكتەبی سیاسی)، كە (ئیبراهیم ئەحمەد) سەركردایەتیی دەكرد. ئەو ڕەوتەش تا ڕێكکەوتننامەی (11ى ئازاری 1970ز) درێژەی كێشا، چونكە دوای ئەوە، (مستەفا بارزانی) لە هەموو ئەوانە خۆش بوو، تا ڕێكکەوتننامەی ئادار لەگەڵ حكوومەتی ناوەندیی عێراق باشتر بچێتە پێش.

لەنێو ئەو ڕووداوانەدا، ئەوەی پێویستە سەرنجی بخەینە پاڵ ئەوەیە، كە ئەگەر ئەو پۆلە ئەندامانەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان پشتیان نەكردبوایەتە (مستەفا بارزانی)، ئەوا سەرانی دەسەڵاتداری عێراق توانای ئەوەیان نەبوو، گرەو لە كورد ببەنەوە. هەر بۆیە ئەو جیابوونەوەیە لەژێر هەر پاساو و بۆچوونێكدا بووبێت، هەڵە بوو. هەڵەیەك دواتر مێژوو ناوی (خیانەت)ى لێ نا، چونكە شوێنەوارەكانی ئەو ڕووداوە بۆ چەندین ساڵی دواتر بەجێمان، كە هەتا ئێستاش درێژەیان هەیە.

سەرچاوەكانی ئەم باسە:
1- ئیبراهیم جەلال: خوارووی كوردستان و شۆڕشی ئەیلوول- بنیاتان و هەڵتەكاندن (1962-1975ز).
د. فەرەیدوون نووری: بزافی بارزانی.
2. كەنداڵ و ئەوانی تر: گەلێكی پەژمووردە و نیشتمانێكی پەرت، وەرگیڕانی: م. گۆمەیی.