بۆ لالە ئەحە و جەماعەتەكەی كە پێناسەی وشەكانیش نازانن!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بۆ لالە ئەحە و جەماعەتەكەی كە پێناسەی وشەكانیش نازانن!

تاقمێك ئەندام پەرلەمانی كورد لە بەغدا ھەن، ھیچ بۆنەیەك، ھیچ ڕووداوێك نیە كە بەمەبەست و بۆ شكاندنی كوردستان نەیقۆزنەوە، ئاڵای كوردستان لە بەغدا سووتێنراوە كە ئەوە ئاڵای گەلی كوردستانە و ئاڵای پارتی نیە، كەچی ئەحمەدی حاجی ڕەشید و جەماعەتەكەی لەو ڕووداوەشدا دەڵێن: ”ھێزێكی سیاسیی ھەرێمی كوردستان و چەند ھێزێكی عێراقی ھۆكارن بۆ پەرەپێدانی نەعرەی تائیفی و دروستكردنی ڕق و كینە“. تەبعەن مەبەستی ئەو تاقمە ئەندام پەرلەمانە لەو ھێزە سیاسییەی ھەرێمی كوردستان، پارتیە.

ئەوە بە مەرجێك نەك پارتی خۆی بە خۆی بڵێت، بەڵكوو ھیچ حزبێكی كوردستان و دەرەوەی كوردستانیش ناتوانێت بە پارتی بڵێت حزبێكی تائیفیە، چونكە تائیفیەت ئینتیمایە بۆ گرووپێكی تائیفی یان كۆمەڵایەتی، نەك نەتەوە یان گەلێكی دیاریكراو.

نازانم بۆ خەڵكی تر، بەڵام من وەك چاودێرێك لەدەرەوەی پارتی كە ھەتا ڕادەیەك ئاگاداری مێژوو و ئەدەبیاتی سیاسیی پارتییش ھەم، ھەتا ئێستا نەمبیستووە و بەرچاوم نەكەوتووە و نەمزانیوە و ھەستم پێنەكردووە كە پارتی حزبێكی تائیفی بێت، نەمزانیوە كە پارتی حزبێكی شیعی یان سوننی یان حزبی ھیچ دین و مەزھەبێكی دیاریكراو بێت، من برادەرم لەناو پارتی ھەیە شیعەیە، برادەری پارتیم ھەیە سوننەیە، برادەری پارتیم ھەیە كاكەییە، برادەری پارتیم ھەیە زەردەشتییە، برادەری پارتییم ھەیە ئێزدیە، برداری پارتییم هەیە مەسیحییە، برادەری پارتیم ھەیە خۆی نەبێت كەس نازانێت سەر بە چ دین و مەزھەبێكە! بەڵام چونكە ھەموویان نیشتیمان و نەتەوەی كورد كۆیان دەكاتەوە ھەموویان پارتیین و ھەموویشیان برادەری منن كە پارتیش نیم و بە ڕێزیشەوە مامەڵەم لەگەڵدا دەكەن، ئیتر كامەیە ئەو نەعرە تائیفیەی كە پارتی لە كوردستان و عێراق پەرەی پێدەدات؟

ئەشھەدو ئەوە دەزانم و ئەوە دەبینم كە سەرەڕای بارودۆخی سەختی ئابووری، پارتی لەڕێگەی نوێنەرانی خۆی لەناو حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پەرە بە نەعرەی ئاوەدانكردنەوە و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان دەدات. پەرە بە زیاتركردنی وزەی كارەبا دەدات، پەرە بە پرد و ڕێگەوبان دەدات، پەرە بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەدات، پەرە بە سەوزتركردنی ژینگە دەدات، بەڵام نەمزانیوە ئەو نەعرەی تائیفیەتە چیە و كامەیە كە بەلای لالە ئەحەی حاجی ڕەشید و جەماعەتەكەیەوە پارتی پەرەی پێدەدات؟

ئەی ھاوار تۆ وەرە ئەندامی پەرلەمان بیت كەچی ھێشتا مانا و پێناسەی تائیفە و تائیفیەت نەزانیت، ئێ ئەوە بۆیە جیاوازیی نێوان ئەمەریكا و عێراق ئەوەندە زۆرە، ئەمەریكا ھەر بەرەو سەر و عێراقیش ھەر بەرەو داتەپین دەڕوات، چونكە لە ئەمەریكا جۆن مەككەین و لیندسی گراھام و ئیمی كلۆبۆشار و نانسی پیلۆسی و پول ڕایان لەناو پەرلەمانەكەی ئەمەریكادان بە ھەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانیەوە، لە عێراقیش ئەحمەدی حاجی ڕەشید و ھۆشیار عەبدوڵا و غالب محەمەد و سەركەوت شەمسەدین و ڕێبوار كەریم مەحموود ئەندامی پەرلەمانن.

جا ئا لێرەشەوە دەتوانین بڵێین جیاوازیی نێوان ئەمەریكا و عێراق بەقەدەر جیاوازیی نێوان جۆن مەككەین و ئەحمەدی حاجی ڕەشیدە.