كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

هێشتا دەوامی خوێندنی ئەمساڵ لە كەركووك دەستی پێ نەکردووە

تاکوو ئێستا هیچ بڕیارێك بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ لە كەركووك و شارەكانی عێراق نەدراوە و بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی لە كەركووك ڕای گەیاند، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە دەردەكەوێت كە پرۆسەی خوێندن كەی و چۆن دەست پێ دەكاتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەممە 18/10/2020، شێرزاد ڕەشید، بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی لە كەركووك، كە بەڕێوەبەرایەتییەكەی ئەوان لەگەڵ خوێندنی عێراقە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "هێشتا هیچ بڕیارێكی نوێ بۆ دەستپێكردنی خوێندنی ئەمساڵ لە قوتابخانەكانی كەركووك و عێراق بەگشتی نەدراوە و ئێمە لەو بارەیەوە چاوەڕوانی دوا بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی عێراقین، لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق، بۆچوونی خۆیان داوە لەسەر چۆنیەتیی دەستپێكردنەوەی خوێندنی ئەمساڵ، بەڵام تاكوو ئێستا وەزارەتی پەروەردە هیچ بڕیارێكی نەداوە".

گوتیشی: "لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە دەردەكەوێت كە پرۆسەی خوێندن كەی و چۆن دەست پێ دەكاتەوە، ئایا هاوشێوەی هەرێم بە ئۆنڵاین دەبێت، یان خود رێگایەكی تر و ئەوكاتە تاقیكردنەوەكانی خولی دووەمی شەشەمی سەرەتایی و سێی ناوەندی و شەشەمی ئامادەیش تەواو دەبێت".

ساڵانە لە 15 ئەیلوولی هەموو ساڵێك پرۆسەی خوێندن لە كەركووك و شارەكانی عێراق دەست پێ دەكات، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆناوە تاكوو ئێستا هیچ بڕیارێك بۆ دەستپێكردنەوەی خوێندن نییە.