كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

بەهۆی تەقینەوەیەک لە ئەفغانستان زیاتر لە ١٠٠ کەس بوونە قوربانی

بەپێی هەواڵی سەرچاوە فەرمییەکانی ئەفغانستان، ئەمڕۆ یەکشەممە لە هەرێمی غووری سەر بە ئەفغانستان، تەقینەوەیەک ڕووی داوە و بەو هۆیەوە ١٣ کەس کوژراون و ٩٥ کەسی دیکەش بریندار بوون.

لەمبارەوە جومعە گول یەعقووبی، بەڕێوەبەری تەندروستیی هەرێمی غوور بە ماڵپەڕی (ئوفوق)ی ئەفغانستانی ڕاگەیاندووە، زۆربەی قوربانییەکان خەڵکی مەدەنین و بریندارەکانیش هێزی سەربازین.

هاوکات گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان ئاشکرای کردووە ڕووداوەکە کاتژمێر ١١ لەڕێگەی ماتۆرسکیلێکی بۆمبڕێژکراوەوە لە نزیک بنکەی فەرماندەیی پۆلیسی هەرێمی غوور ڕووی داوە.

شوێنی ڕووداوەکە لە نزیک ناوەندێکی ژنان ڕووی داوە، بۆیە قوربانییەکان بەشێکیان ژنان و منداڵانن.

هەتا ئێستا هیچ گرووپ و لایەنێک بەرپرسیارێتیی ئەو تەقینەوەی نەگرتووەتە ئەستۆ.

ئەم تەقینەوەیە لە کاتێکدا ڕووی داوە کە ئەمڕۆ عەبدوڵا عەبدوڵا سەرکۆماری ئەفغانستان سەردانی تارانی کردووە.

تەقینەوە و توندوتیژییەکانی ئەفغانستان لە کاتێکدا ڕوویان لە زیادبوون کردووە کە گفتوگۆی نێنوان حکوومەتی ئەفغانستان و گرووپی تاڵیبان بە نێوبژیوانیی قەتەر و ئەمریکا لە وڵاتی قەتەر لە ئارا دان.