کوتلەیەکی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بە دوور دەخاتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

کوتلەیەکی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بە دوور دەخاتەوە

کوتلەیەکی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە وڵاتەکەی لە کاتی دیاریکراودا، بە دوور دەخاتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 18-10-2020، محەمەد خالیدی، سەرۆکی کوتلەی بەیاریقولخەیر لە پەرلەمانی عێراق بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، جۆرە رێککەوتنێک لەنێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە، هەیە.

محەمەد خالیدی هەروەها رایگەیاندووە، بەهۆی کێشەی زۆر لە یاسای هەڵبژاردنەوە، لایەنە سیاسییەکان گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی لە مانگی 10 یان دواتر لە ساڵی 2022، هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێ.

سەرۆکی کوتلەی بەیاریقولخەیر ئاماژەی بە بەشێک لە کێشەکان کردووە، کە بریتین لە؛

- کێشە سیاسییەکان

- کێشە هونەرییەکانی کۆمسیۆن

-کێشەی ناتەواویی ئەندامانی دادگای فیدڕالیی عێراق

پێشتر و بەهۆی گوشاری خۆپیشاندەرانی عێراق، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی نوێی ئەو وڵاتە بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی لە رۆژی 6-6-2021، دا.

هەڵبژاردنی پێشوەختە یەکێک بوو لە داواکارییەکانی خۆپیشاندەرانی عێراق، جگە لە دەست لەکار کێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق.

عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.

دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و نزیکەی 20 هەزاری دیکەش بریندار بوون.