گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی سەر چەکوچۆڵی ئێران هەڵگیران
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی سەر چەکوچۆڵی ئێران هەڵگیران

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ئاشکرای کردووە کاتی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر هاوردە و هەناردەی چەکوچۆڵ و سەفەری بەرپرسە سەربازییەکانی ئێران ئەمڕۆ کۆتاییان پێ هاتووە.

بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ١٣ ساڵ پێش و بەپێی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، گەمارۆ خرابووە سەر کەرتی چەکوچۆڵی ئێران، لە ئەمڕۆ شەممە ١٩ی١٠ی٢٠٢٠وە گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی سەر کەرتی چەکوچۆڵ و کەسایەتییە سەربازییەکانی ئێران هەڵدەگیرێن.

هەڵگیرانی گەمارۆکانی سەر چەکوچۆڵی ئێران لە کاتێکدان، کە ئەمریکا کە پاش هاتنە سەر کاری دۆناڵد ترەمپ، یەکلایەنە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران کشایەوە، هاوکات چەندین گەمارۆی بۆ سەر چەندین کەرتی ئێران ڕاگەیاند و لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا چەندین جار لە ئەنجوومەنی ئاسایش هەوڵی دا گەمارۆکانی سەر چەکوچۆڵی ئێران درێژ بکاتەوە، بەڵام پرۆژەکەی ئەمریکا دەنگی پێویستی نەهێنایەوە.

ئەمریکا، ئیسرائیل و سعوودیە پێیان وایە هەڵگیرانی گەمارۆکانی سەر چەکوچۆڵی ئێران، بۆ سەقامگیریی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەترسییە و نابێ ڕێگە بە ئێران بدرێت میلیشیا و گرووپە توندڕەوەکان بۆ ئامانجەکانی خۆی لە ناوچەکە پڕچەک بکات.

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا هاتووە: "ئەمڕۆ، ڕۆژێکی زۆر گرنگە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کە پێچەوانەی هەوڵەکانی ئەمریکا، خاڵەکانی ڕێککەوتنی هاوبەشی ئەتۆمی (بەرجام) گەرەنتی کراوە و پارێزراوە".

١٣ ساڵ پێش ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، گەمارۆی سەربازی و هەناردە و هاوردەی چەکوچۆڵ و سەفەری خستە سەر بەرپرسە باڵا سەربازییەکانی ئێران.

 جیا لەو گەمارۆ نێودەوڵەتییانە، ئەمریکا بۆ خۆی یەکلایەنە گەمارۆی خستووەتە سەر چالاکییە مووشەکییەکانی ئێران و ئەو چالاکییە مووشەکییانەی ئێران بە هەوڵێک بۆ شێواندنی سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مەترسیی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە قەڵەم دەدات.