ئەرمینیا: ئامانجی هێرشەکانی ئازەربایجان کۆمەڵکوژین
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئەرمینیا: ئامانجی هێرشەکانی ئازەربایجان کۆمەڵکوژین

بەپێی زانیاریی میدیاکان ئەو ئاگربەستەی ١٠ ڕۆژ پێش بە نێوبژیوانیی ڕووسیا لە نیوان ئەرمینیا و ئازەربایجان واژۆ کرا، چەندین جار لەلایەن هەردوو وڵاتەوە پێشێل کراوە و سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا ئاشکرای کردووە کە ئامانج لە هێرشەکانی ئازەربایجان، کۆمەڵکوژییە.

بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان ئاشکرایان کردووە دوێنێ لە هێرشێکی فراواندا توانیویانە شاری "فزوولی" لە ناوچەی قەرەباخ لە کۆنترۆڵی ئەرمینیا دەربهێنن.

بەرپرسانی ئەرمینیا تورکیا بەوە تۆمەتبار دەکەن کە پاڵپشتیی سەربازیی ئازەربایجان دەکەن.

بەرپرسانی ئازەربایجان ئاماژەیان بەوەش کردووە دوێنی شەممە لەو هێرش و پێکدادانانەدا توانیویانە فڕۆکەیەکی سۆخۆ – 25ی ئەرمینیا، هەروەها قەڵغانی مووشەکیی s300ی ئەرمینیا تێک بشکێنن و بە یەکجاری هێڵی بەرگریی ئەو وڵاتەیان لە قەرەباخ تێک شکاندووە.

لە کاتێکدا هەردوو وڵات یەکتر بە پێشێلکاری ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوانیان تۆمەتبار دەکەن، هاوکات جیا لە پێگە سەربازییەکان، هاووڵاتیانی سڤیل و ناوچە مەدەنییەکانیش دەکەنە ئامانج.

دوێنێ شەممە پاش پێوەندیی تەلەفۆنیی سێرگئی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەرمینیا و ئازەربایجان، جارێکی دیکە هەردوولا بە نێوبژیوانیی ڕووسیا ڕێک کەوتوون کە ئاگربەست ڕابگەیەنن.

ڕۆژی هەینی ڕابردوو لە ئەنجامی هێرشی مووشەکیی ئەرمینیا بۆ سەر شاری گەنجە، دووەم گەورەشاری ئازەربایجان، ١٣ کەس کوژران و نزیکەی٥٠ کەسیش بریندار بوون.

دوێنێ شەممە نیکۆل پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا لە کاردانەوە بە هێرشەکانی ئازەربایجان ئاشکرای کردووە، ئەو هێرشانەی ئازەربایجان ئامانجی کۆمەڵکوژییان لە پشتە و جەختی کردووەتەوە: "ئێمەش وەک هەر نەتەوەیەکی دیکە کە هەڕەشە لەناوچوونی لەسەرە، دەبێ بەرگری لە خۆمان بکەین".

لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئەمدواییەی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا کە لەسەر ناوچەی کێشەلەسەری قەرەباخە و لە ڕێکەوتی ٢٧ی٩ی٢٠٢٠وە دەستیان پێ کردووە، هەتا ئێستا لە هەردوولا زیاتر لە ٥٠٠ سەرباز کوژراون هاوکات ژن و منداڵ و هاووڵاتیانی سڤیلیش بوونەتە قوربانی و بە سەدان کەسیش بریندار و بە هەزاران هاووڵاتیی ئەو دوو وڵاتە ئاوارە بوون.