لە سلێمانی کوڕ و کچێکی هاوڕێ کتێبخانەیەکی گەڕۆک دادەمەزرێنن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

لە سلێمانی کوڕ و کچێکی هاوڕێ کتێبخانەیەکی گەڕۆک دادەمەزرێنن

چراخان و زامۆ، دوو خوێندکاری دانیشتووی شاری سلێمانین و بۆ یەکەمینجار کتێبخانەیەکی گەڕۆکیان داناوە و دەڵێن ئامانجمانە خوێنەر بە ئاسانی بەو کتێبانە بگات کە ئارەزوو دەکات بیانخوێنێتەوە.


چراخان بۆ (باسنیوز) دەڵێت: "ماوەی مانگێکە دوای تەواوکردنی قۆناغەکانی خوێندنی ئامادەیی دەستمان کردووە بەم کارە لەگەڵ هاوڕێکەم زامۆ، بیرۆکەی کارەکە هی من و هاوڕێکەم بوو بە هاوبەشی هەریەکە و وردەکاریەکی کارەکەمان پێشنیارکرد بەیەکەوە بەم جۆرە ڕێککەوتین لە کۆتاییدا ئەم کتێبخانە گەڕۆکەمان دانا".


گوتیشی: "لەو کاتانەی تاقیکردنەوەی کۆتایم هەبوو لە قوتابخانە بیرم دەکردەوە کاری فرۆشتنی کتێب بکەم، دوای تەواو کردنی خوێندنیش کۆمەڵێک هەلی کارم بۆ هاتە پێش، بەڵام نەگونجا، لە کۆتاییدا بڕیارمدا خۆم شوێنێک بکەمەوە و لەگەڵ هاوڕێکەم قسەم کرد و بەیەکەوە چۆنیەتی کارەکە و کتێبخانەکەشمان دیزاین کرد".

دەشڵێت: "لە سەرەتای کارەکەدا تەنیا خێزانەکانمان و ناوەندێک یارمەتیان داین، بەڵام ئێستا زۆربەی ناوەندەکان داشکاندنمان بۆ دەکەم وەک کتێبفرۆشەکان مامەڵەمان لەگەڵ دەکەن، ئامانجمانیشمان لەم کارە گەڕانەوەی خەڵک و گەنج بە تایبەتی بۆ خوێندنەوەی کتێب و دابینکردنی بژێوییەکە بۆ خۆشمان".


لە بارەی چۆنیەتی فرۆشتنی کتێبەکانەوە چراخان ئاماژەی بە ئەوە کرد "کتێبەکان وەک نرخی خۆیان دەفرۆشین وەک هەموو کتێب فرۆشێکی تر،هەموو جۆرە کتێبێکیشمان لایە، بەڵام زیاتر خەڵک ڕۆمان و گەشەپێدانی خودی و سیاسی دەکڕن و دەیانەوێت، بەڵام بۆ ئێستا بازاڕ بەگشتی خراپە بەتایبەتیش کتێب، بەڵام بەڕێوەی دەبەین هەر باشەبەو پێیەی ئێمە ئەزموونمان لەگەڵ فرۆشتنی کتێبدا نەبوو بۆیە پێشبینی زیاترمان دەکرد".


ئاشکراشی کرد "پلانمان وایە خوێندنی زانکۆ دەست پێ بکەین و پڕۆژەکەشمان پەرە پێ بدەین بەوەی کە لە زۆربەی شوێنە گشتیەکان و بەردەم زانکۆ و خوێندنگاکانیش ڕەفەی لەم جۆرەی لێ بێت تاوەکو خوێنەر ئاسانتر بگات بە کتێبی ویستراوی خۆی".

 

گوتیشی: "خەڵک زۆر پاڵپشتمانە بە گوتەیەک بە پۆستێک و گەر توانایان هەبووبێ بە کڕینی کتێب و یاخود هێنانی کتێبەکانی خۆیان بۆ ئێمە زۆر هاوکار بوون و پاڵپشتمان بوون".