ژنێک: تا لە ماڵی باوکم لە سەردان گەڕامەوە، هاوسەرم ژنێكی تری هێنابوو
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ژنێک: تا لە ماڵی باوکم لە سەردان گەڕامەوە، هاوسەرم ژنێكی تری هێنابوو

 

"هەستم بە گۆڕانکاری دەکرد، خۆی قسەی لەگەڵ نەدەکردم، کە منیش قسە یان پرسیارێکم کردبایە، بە دوو وشە وەڵامی دەدامەوە، باشتر بڵێم لە کۆڵێ دەکردمەوە". ئەمە قسەی ژیان، ژنێکی گەنجی 24 ساڵەیە.

ژیان، خەڵكی گوندێکی دەوروبەری قەزایەكی كوردستانە، ماوەی چوار ساڵە بە خۆشەویستی هاوسەرگیریی کردووە بەڵام منداڵی نەبووە.

ژیان دەڵێت: "هاوسەرەکەمم لە پەیمانگا ناسی، لەو رۆژەوە، کە یەکترمان بینی، وەکوو سێبەر بەدوامەوە بوو و وازی نەهێنا تا شووم پێ کرد. بە حساب بە خۆشەویستییە، بەڵام ئێستا هەموو شتێک ئاوەژوو بووەتەوە".

کاتێک ژیان کێشەکەی خۆی دەگێڕێتەوە، هەست دەکەی سەیری فیلم دەکەی، یانیش چیرۆک و خەیاڵی نووسەر، یان رۆماننووسێکە، بەڵام ئەوە واقیعی ژیانی ژیانە.

بەپێی قسەی ژیان، تەنیا ساڵی یەکەمی هاوسەرگیرییەکەی ئاسوودە بووە، هەرچەندە هاوسەرەکەی هەمیشە بە قسە خۆشەویستیی بۆ دەربڕیوە، بەڵام بە کردار دۆخێكی ناخۆشی دەروونیی بۆ دروست کردووە: "کاتێک بانگی دەکردم ناومی نەدەهێنا، هەر دەیگوت گوڵم، گیانەکەم و ئازیزم. زۆر درەنگ دەهاتەوە ماڵ، بەڵام کە دەهاتەوە چەپکەگوڵێکی لەگەڵ خۆی بۆ دەهێنام. لە رۆژی لەدایکبوونم ئاهەنگی بۆ دەکردم و دیاریی گرانبەهای دەکڕی، وێڕای ئەوانەش، بەردەوام سەری لەسەر تەلەفۆنەکەی بوو، کاتی کەمی لەگەڵ من تەرخان دەکرد".

کێشەی ژیان ئەوە بوو، کە هەر لەدوای ئەوەی خەسووی زانیویەتی منداڵی نابێ، داوای لە کوڕەکەی کردووە ژن بهێنێت، ئەگەر ژیانیش رازی نەبێ تەڵاقی بدات، چونکە ئەو بەردەوام بە ژیانی گوتووە: "داری بێبەر بۆچی باشە؟".

ژیان هەندێ جار بە هاوسەرەکەی گوتووە، کە بۆچی گرنگیی پێ نادات: "هەندێ جار لێم دەپرسی بۆچی لەگەڵم ساردوسڕی؟ بۆچی کاتت نییە بەیەکەوە دانیشین و قسە بکەین؟ بەردەوام دەیگوت من کاتم بۆ تەرخان کردووی، بەڵام تۆ وا هەست دەکەی".

ژیان دەڵێت، کەس باوەڕی نەدەکرد هاوسەرم لەگەڵم ساردوسڕە، چونکە ساڵانە یەک دوو جار دەهاتنە ئاهەنگی لەدایکبوون و رۆژی هاوسەرگیریم، دەیانبینی تاقم و ئەنگوستیلە و بازنی زێڕی بۆ دەکڕیم، بۆیە هەتا ماڵی باوکیشم دەیانگوت: کێ مێردی وەک تۆی هەیە! دانیشە لە خۆتی تێک مەدە.

ئەو دەڵێت، یەک دوو جار سکاڵام لای خەسوو و ماڵی باوکی هاوسەرم کرد، خەسووم گوتی: "ئەگەر بە قسەی منی بکردایە دەمێک بوو ژنی هێنابوو، تۆ منداڵت نابێ، خۆ ناکرێ کوڕەکەم وەجاخکوێر بێ!".

ژیان دەگێڕێتەوە: "ئەوەی نەمدەتوانی بە کەسی بڵێم ئەوە بوو، کە هاوسەرەکەم لەگەڵم نەدەخەوت. زۆر جار دوو بۆ سێ مانگ لێم نزیک نەبووەتەوە. پێشم شەرم بوو بە کەس بڵێم، هەستم بە کەمیی دەکرد، لەکاتێكدا من ژنێکی جوان بووم، قەتیش هۆکارەکەیم نەدەزانی، کە بۆچی وایە".

دەشگێڕێتەوە: "رۆژێک پێی گوتم بۆ سەردانی ماڵی باوکت ناکەی، دەمێکە نەڕۆیشتووی، من پێشتر قەت نەمدەگوت سەردانی هیچ شوێنێک دەکەم، چونکە پێم وابوو ئەگەر جێی بهێڵم رەنگە بۆشایی بۆ دروست بێت و زیاتر لەگەڵم سارد ببێت. بۆیە گوتم ئەگەر پێت باشە دەچم. ئەو جارە خۆی بە ئۆتۆمبێلی خۆی بردمیەوە، لەگەڵ ئەوەی پێشتر تاکسیی بۆ دەگرتم، چونکە ماڵی باوکم لە شارێك و ماڵی من لە شارۆچكەیەك بوو".

ژیان دوای هەفتەیەک مانەوە لە ماڵی باوکی، تەلەفۆن بۆ هاوسەرەکەی دەکات، کە دەیەوێ بگەڕێتەوە ماڵی خۆی، بەڵام ئەو پێی دەڵێت، جارێ سەرقاڵم و لەوێ بە. تا نزیک مانگێک بەم جۆرە دەبێت: "بوو بە مانگێک من هەفتانە داوام دەکرد بگەڕێمەوە ماڵی خۆم، بەڵام ئەو دەیگوت، جارێ سەرقاڵم و لەوێ بمێنەوە، تا رۆژێک براژنێکم گوتی، ئەوە تۆ هیچ گومان لە مێردەکەت ناکەی وا مانگێکە لێرە پاڵت داوەتەوە. بۆیە بڕیارم دا خۆم بێ ئاگاداری ئەوە بڕۆمەوە".

ژیان بە قسەکەی براژنی دەکەوێتە گومانەوە، بۆیە بە ماڵی باوکی دەڵێت، هاوسەرم گوتویەتی بە تاکسی وەرەوە و براکەی تاکسیی بۆ دەگرێت و دەگەڕێتەوە بۆ هەولێر: "کاتێک گەیشتمەوە ماڵ و دەرگام کردەوە، بینیم ژنێک لە مەتبەخ خەریکی چێشتلێنانە، سڵاوم کرد و پرسیم، جەنابت کێی؟ چونکە وامزانی رەنگە هاوسەرم میوانی هەبێت و خێزانی لەگەڵ بێت، بەڵام ئەو بە عەرەبی وەڵامی دامەوە، ئەمجارە بە عەرەبی لێم پرسی، کەچی لەجیاتی وەڵام ئەو لە منی دەپرسی تۆ کێی؟".

دوای ماوەیەک هاوسەری ژیان دەگەڕێتەوە، کاتێك دەبینێ هاتووەتەوە، لەجیاتی بەخێرهێنانەوە لێی تووڕە دەبێت، کە بۆچی بێ پرسی ئەو گەڕاوەتەوە: "کاتێک هاوسەرم منی بینی رەنگی تێکچوو، بەڵام لەجیاتی بەخێرهێنانەوە و ئەحواڵپرسی، بە تووڕەییەوە بە منی گوت: کێ گوتی بێیتەوە؟ کاتێک بووە دەمەقاڵێمـان، زانیمان کاتێک من رۆیشتووم، ئەو ژنەی عەرەبە بە هاوسەر هێناوەتە ماڵ".

ژیان دەڵێت، ئێستا ماڵم بەجێ هێشتووە، بەڵام هەرچیی بکەم بێ سوودە، چونکە هاوسەرم پارەی مارەیی و ماڵ و هەموو شتێکی بەزیادەوە بۆ ناردووم، دەڵێت، ئەگەر پێت خۆشە دانیشە و پێت خۆش نییە جیا دەبینەوە: "من دوای ئەوەی ژنی هێنا، زانیم خەسووم ئەو ژنەی بۆ خواستووە و مانگێک بەرلەوەی من بگەڕێمەوە ماڵی باوکم، مارەی کردووە. ئێستا نازانم نە رازی بم و لای دانیشم، نە تەڵاق وەرگرم!".